​لەو بارەیەوە، قەدیر خەتابی، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەربەلا ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ پاککردنەوەی ڕێگاکان و کۆکردنەوەی خاشاک لەسەر درێژایی ئەو ئاڕاستانەی دەچنەوە سەر شارەکە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ کارئاسانی لە بەڕێوەبردنی ئەم پلانە داڕێژراوەدا، چەندین بەڕێوەبەرایەتی فراوان لەسەر شەقام و ئاڕاستە سەرەکییەکان دامەزراون.

​خەتابی جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی پارێزگاکانی دیکە کردەوە لە سەرخستنی ئۆپەراسیۆنی خزمەتگوزاریی زیارەتەکە و وتی:

​«پشتیوانییەکی گەورە لەلایەن پارێزگا جیاوازەکانەوە گەیشتووەتە کەربەلا. لە سەرووی هەموانەوە، پارێزگای بەسرە هاوکارییەکی زۆر بەرچاو و تایبەتی پێشکەش کردووین بە ڕەوانەکردنی زیاتر لە ١٠٠ ئامێری خزمەتگوزاری، کە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی تواناکانمان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا.»

​بەپێی ئامارە فەرمییەکانی شارەوانیی کەربەلا، قەبارەی ئەو ئەرکەی لە ماوەی ئەم زیارەتەدا جێبەجێ دەکرێت زۆر بێوێنەیە. بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەربەلا خستیەڕوو کە لە ڕۆژانی ئاساییدا ساڵانە زیاتر لە ٣٨٥ هەزار تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە، لەکاتێکدا تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژی زیارەتەکەدا بڕی خاشاکی کۆکراوە لەسەر سێ ئاڕاستە سەرەکییەکە دەگاتە نزیکەی ٢٨٠ هەزار تۆن. ئەمەش بەو مانایەیە کە قەبارەی هەوڵەکانی ئەم ۱۰ ڕۆژەی شارەوانی، نزیک دەبێتەوە لە کۆی کار و چالاکییەکانی ساڵێکی تەواو.

​سەبارەت بە دابینکردنی بودجەی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە، خەتابی ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا کارەکان بە تەمویلی ذاتیی شارەوانی و پارێزگای کەربەلا بەڕێوەدەچن و هیچ بودجەیەکی ناوەندی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان نەکراوە، جگە لەو ئامێرە پشتیوانانەی کە وەک میوان لە پارێزگاکانی دیکەوە گەیشتوونەتە ناوچەکە.

جێی ئاماژەیە ​دوا بەدوای تەواوبوونی مەراسیمەکان، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی کەربەلا پلانی هەیە لە ٢١ی سەفەردا ئۆپەراسیۆنەکانی هەڵگرتنەوەی خاشاک کۆتایی پێبهێنێت و ڕاستەوخۆ دەست بە کارەکانی بۆیەکردنی شۆستەکان و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان بکات، تاوەکو شارەکە بگەڕێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی پێش زیارەتەکە.

​لەکۆتاییدا بەڕێوەبەری شارەوانییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا ئاڕاستەی (کەربەلا – نەجەف) لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێنێتەوە؛ ئەمەش بەهۆی دەستپێکردنی جووڵەی پێچەوانەی زیارەتکاران لە کەربەلاوە بەرەو نەجەفی ئەشرەف، بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەزرارگە پیرۆزەکانی ئەو شارە، وەک دووەم گەورە شاری مەزارگە پیرۆزەکان.