د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە، ئاگاداری کردەوە کە خانمانی دووگیان لە وەرزی هاویندا زیاتر هەست بە گەرما دەکەن و پێویستە بەردەوام خۆیان فێنک بکەنەوە و بڕی پێویستی ئاو و شلەمەنییەکان بخۆنەوە. بەگوتەی ئەو، وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی کۆرپەلە لەسکدا، چونکە سووڕی خوێن و گەیشتنی ئۆکسجین بۆ کۆرپەلە کەم دەبێتەوە، هەروەها نیشانەکانی وشکبوونەوە وەک تۆخبوونی رەنگی میز، سەرسووڕان، بێهێزی، سەرئێشە و لەهۆشچوون ئاماژەی پێکرا.هەروەها جەختی کردەوە کە کێشەی نەبوونی کارەبا و کەمیی مۆلیدەکان مەترسییەکی جیدی بۆ تەندروستیی کۆرپە و منداڵانی ساوا دروست دەکات و داوای لە هاووڵاتییان کرد منداڵان، بەساڵاچووان و خانمانی دووگیان دوور لە گەرمای توند بمێننەوە، لە کاتە فێنکەکاندا بچنە دەرەوە، شلەمەنیی زۆر بخۆنەوە و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن بەخێرایی سەردانی پزیشک بکەن.