کامیل مەحمود لە درێژەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند" کە ئەنجامدانی ئەم سەردانە ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن، مانای قوڵی سیاسی هەیە و وتی:
«ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ ئێران لەم تەوقیتە سیاسییەی ناوچەکە و لە گەرمەی تەنگەژەی مەیدانیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە زەیدی پەیامی ڕانەگەیەنراوی ئەمریکای بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران پێیە، بەو پێیەی سەردانەکەی بۆ تاران ڕاستەوخۆ دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن دێت.»
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی تایبەتیش لەم سەردانەدا هەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ناوخۆی عێراق و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ ئێران. لەوانە:
دۆسیەی ئەمنی و تاووتوێکردنی کێشەی گروپە چەکدارەکان و هەوڵەکان بۆ پەیوەستکردنەوەیان بە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە.
بەشێکی تری پەیوەندی بە دڵنیاکردنەوەی تارانەوە هەیە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە بەغدا ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ هیچ جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا بۆ جام کوردی، کامیل مەحمود ڕوونی کردەوە کە تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی ئەجێندای سەردانەکەی زەیدی، برەودان بووە بە پەیوەندییە ئابوورییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاریی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە و سووتەمەنیدا.
لە کۆتاییدا، کامیل مەحمود جەختی کردەوە کە ئەگەرچی سەردانی لەم جۆرە بۆ دوو دەوڵەتی دراوسێ کە پەیوەندیی قووڵیان هەیە ئاسایی و پێویستە، بەڵام هاوکاتبوونی لەگەڵ جەنگ و نائارامییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەلمێنەری ئەوەیە کە سەردانەکە بە هیچ شێوەیەک دابڕاو نییە لە تەنگەژە و ڕووداوە گەرمەکانی ناوچەکە.