لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان، بەرپرسێکی باڵای مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ رایگەیاند:
"پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکی مێژوویی، قووڵ و ستراتیژییە. بناغەی ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بە دەستی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال داڕێژراوە و ئێمەش لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوامین."
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورددا هاوکار و پشتیوانێکی سەرەکی بووەو لە قۆناغی ئێستای فەرمانڕەوایەتیشدا وەک دراوسێیەکی گرنگ و بەهێز سەیر دەکرێت.
پەیوەست بەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لەسەر بوونی ئاڵۆزی یان ساردبوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا بڵاودەکرێنەوە، سەرکردایەتی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی گومان بێئاکام دەبن.
چونکە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان سلێمانی و تاران بەردەوامە.
بۆیە هەردوولا جەخت لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەنەوە.
تەئکیدیشی کردەوە هیچ دەنگۆو هەوڵێکی میدیایی ناتوانێت درز بخاتە نێوان ئەم پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەوە.
ئەوەی جێگای باسە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی پەیوەندییەکی تەندروست و بەهێزە لەگەڵ ئێران، ئەمەش نەک تەنها لە بەرژەوەندی یەکێتیدایە، بەڵکو خزمەت بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەرجەم عێراق و ناوچەکەش دەکات.