ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی وەک دەماری سەرەکیی وزەی جیهان سەیر دەکرێت و بووەتە دوا سەنگەر و کارتی فشاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی جام کوردی، بیلال خەیات، شیکەرەوەی سیاسی، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم ململانێیە و هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم جەنگە کراوەیە. جەنگێکی کراوە و بێ کۆتایی لە بارەی هۆکاری بەردەوامیی قەیرانەکە و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە،
بیلال خەیات بۆ جام کوردی ڕایگەیاند" ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم گەرووە دەگوزەرێت، وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە بۆچی ئەم جەنگە بەردەوامە و کۆتایی نایەت. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە هیچ لایەنێک ئامادە نییە لەم پێگە ستراتیژییە پاشەکشە بکات. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕێگە نادەن گەرووی هورمز ببێتە بارمتە بەدەست ئێرانەوەو ئابووریی جیهان بخاتە مەترسییەوە، لە بەرامبەردا ئێران مانەوەی خۆی و شکستپێهێنانی سزاکانی بەستووەتەوە بە هەڕەشەکردن و پەکخستنی ئەم ڕێڕەوەوە.
ئەو شیکەرەوە سیاسییە جەختیشی کردەوە کە ئەم هاوکێشەیە جەنگەکەی خستووەتە دۆخێکی کراوە، چونکە هەر لایەنێک لە هورمز پاشەکشە بکات، بە واتای داننان بە شکستدا دێت.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، بیلال خەیات ئاماژەی بە تێوەگلانی وڵاتانی ئەوروپی کرد و ڕوونی کردەوە کە تاران ئەم فاکتەرە وەک کارتێکی فشار بەکاردێنێت.بە وتەی خەیات: "کاتێک ئەوروپا ناتوانێت تەنها وەکو تەماشاکەر بمێنێتەوە و دێتە ناو هاوکێشەی پاراستنی کەشتییەکانەوە، تاران ئەمە دەکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئامانج و پێگەکانی تری ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانجی لێدان و بازنەی جەنگەکە فراوانتر بکات."
بیلال خەیات بە پەیامنێری جام کوردی ڕاگەیاند" ئەم ستراتیژەی ئێران لە پشت چەند هۆکار و ئامانجێکی سەرەکییەوەیە کە تەواو پێچەوانەی ئاراستەی ئەمریکایە لەوانە:
ئەمریکا دەیەوێت جەنگەکە تەنها لە نێوان خۆی و ئێراندا بپارێزرێت و ڕێگری بکات لە تەشەنەسەندنی بۆ تەواوی ناوچەکە، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە دەیەوێت بە فراوانکردنەوەی بەرەکە، هاوکێشەکان تێکبدات و واشنتۆن بخاتە ناو قەیرانێکی فراوانترەوە.
چونکە بە فراوانبوونی ئامانجەکان لە کەنداوو بەشداریکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئێران دەستنیشانی ئەوە دەکات کە تێچووی جەنگەکە لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێندە گەورە بکات کە ناچار بن نەرمی بنوێنن.
هر لە بەر ئەمەیە تاران باوەڕی واهەیە لە ڕێگەی تێوەگلانی زیاتری ناوچەکە، دەتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات کە تێیدا تەنها خۆی باجی سزاکان و جەنگ نەدات، بەڵکو تەواوی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش بخاتە ژێر مەترسییەوە.