ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی وەک دەماری سەرەکیی وزەی جیهان سەیر دەکرێت و بووەتە دوا سەنگەر و کارتی فشاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.​

لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی جام کوردی، بیلال خەیات، شیکەرەوەی سیاسی، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم ململانێیە و هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم جەنگە کراوەیە.​ جەنگێکی کراوە و بێ کۆتایی لە بارەی هۆکاری بەردەوامیی قەیرانەکە و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە،

بیلال خەیات بۆ جام کوردی ڕایگەیاند" ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم گەرووە دەگوزەرێت، وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە بۆچی ئەم جەنگە بەردەوامە و کۆتایی نایەت. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە هیچ لایەنێک ئامادە نییە لەم پێگە ستراتیژییە پاشەکشە بکات. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕێگە نادەن گەرووی هورمز ببێتە بارمتە بەدەست ئێرانەوەو ئابووریی جیهان بخاتە مەترسییەوە، لە بەرامبەردا ئێران مانەوەی خۆی و شکستپێهێنانی سزاکانی بەستووەتەوە بە هەڕەشەکردن و پەکخستنی ئەم ڕێڕەوەوە.

ئەو شیکەرەوە سیاسییە جەختیشی کردەوە کە ئەم هاوکێشەیە جەنگەکەی خستووەتە دۆخێکی کراوە، چونکە هەر لایەنێک لە هورمز پاشەکشە بکات، بە واتای داننان بە شکستدا دێت.​

لە بەشێکی تری گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، بیلال خەیات ئاماژەی بە تێوەگلانی وڵاتانی ئەوروپی کرد و ڕوونی کردەوە کە تاران ئەم فاکتەرە وەک کارتێکی فشار بەکاردێنێت.​بە وتەی خەیات: "کاتێک ئەوروپا ناتوانێت تەنها وەکو تەماشاکەر بمێنێتەوە و دێتە ناو هاوکێشەی پاراستنی کەشتییەکانەوە، تاران ئەمە دەکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئامانج و پێگەکانی تری ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانجی لێدان و بازنەی جەنگەکە فراوانتر بکات."​

بیلال خەیات بە پەیامنێری جام کوردی ڕاگەیاند" ئەم ستراتیژەی ئێران لە پشت چەند هۆکار و ئامانجێکی سەرەکییەوەیە کە تەواو پێچەوانەی ئاراستەی ئەمریکایە لەوانە:

ئەمریکا دەیەوێت جەنگەکە تەنها لە نێوان خۆی و ئێراندا بپارێزرێت و ڕێگری بکات لە تەشەنەسەندنی بۆ تەواوی ناوچەکە، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە دەیەوێت بە فراوانکردنەوەی بەرەکە، هاوکێشەکان تێکبدات و واشنتۆن بخاتە ناو قەیرانێکی فراوانترەوە.​

چونکە بە فراوانبوونی ئامانجەکان لە کەنداوو بەشداریکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئێران دەستنیشانی ئەوە دەکات کە تێچووی جەنگەکە لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێندە گەورە بکات کە ناچار بن نەرمی بنوێنن.​

هر لە بەر ئەمەیە تاران باوەڕی واهەیە لە ڕێگەی تێوەگلانی زیاتری ناوچەکە، دەتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات کە تێیدا تەنها خۆی باجی سزاکان و جەنگ نەدات، بەڵکو تەواوی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش بخاتە ژێر مەترسییەوە.