لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، د. صباح محسن كاظم جەختی لەوە کردەوە کە شیعر بەشێکە لە نەریتە ڕۆشنبیرییە جیهانییەکان کە بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوە، هاودەردی لەگەڵ دروشمەکانی ئازادیدا دەربڕیوە.
د. صباح لەمبارەیەوە وتی" شیعری ئینگلیزی کاردانەوەیەکی قووڵی بەرامبەر ملحمەی پیرۆزی 'کەربەلا' هەبووە؛ چونکە خولقەتی سایکۆلۆجیی مرۆڤی ڕاستەقینە وایە کە هەمیشە لە بەرەی حەق و مەظڵومدا بوەستێت لە دژی زۆرداران. داستانەکە بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ شاعیرانی ئینگلیزیزمان تا بەرگری لە بەهاکانی ئازادی بکەن."
لە درێژەی گفتوگۆکەدا، توێژەر تیشکی خستە سەر ڕۆڵی "ئینسایکڵۆپیدیای حوسێنی" (دائرة المعارف الحسينية) کە لەلایەن "مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی حوسێنی لە لەندەن" بە سەرپەرشتی ئایەتولڵا د. محمد صادق محمد الكرباسي دەردەچێت، بۆ کۆکردنەوە و بەبەڵگەکردنی هەموو ئەو بەرهەمانەی بە زمانە جیاوازەکان لەسەر ئیمام حسێن (ع) نووسراون.
د. صباح محسن كاظم ئاماژەی بەوە کرد:
"ئەدەبی جدی و پابەند، وشەی حەقە بۆ پاڵپشتیکردنی سەروەری ئازادیخوازانی جیهان. لەم ئینسایکڵۆپیدیایەدا، ئایەتولڵا کەرپاسی هەوڵێکی کەم وێنەی داوە لە کۆکردنەوە، شیکردنەوە و وەرگێڕانی ئەو شیعرە ئینگلیزییانەی لەسەر ئیمام حسێن و ڕووداوی طەف نووسراون، کە شاعیرانی وڵاتانی ئیسلامی و ئەوروپاییشیان تێدایە."
دکتۆر سەباحی نوسەر و توێژەر، بە ئاماژەدان بە پێشەکیی پەڕتووکەکە ڕوونی کردەوە کە ئیسلام ئایینێکی جیهانییە و بۆ تەواوی مرۆڤایەتی هاتووە. هەروەها نموونەی لە شیعری شاعیر سەید مەحمود عەلی خان نەواب هێنایەوە کە بە زمانی ئینگلیزی ستەمی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە و کۆچکردنی ئیمام حسێنی لە مەدینەوە بۆ مەککە بە وردەکارییەکی ئەدەبیی بەرزەوە وێنا کردووە.
د. صباح لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ جام کوردی وتی" ئەم هەوڵە تاقەت پڕوکێنە لە وەرگێڕانی شیعری ئینگلیزی، ڕاستییەکان بۆ هەموو موسڵمانێک دەردەخات و ئەرکە ئەخلاقی و شرعییەکانمان بەرامبەر عەترەتی پێغەمبەر (ص) بیردەخاتەوە. ئامانج لەم کۆششانە ئەوەیە کە تەواوی مرۆڤایەتی، بە هەموو نەتەوە و ڕەگەزەکانییەوە، ئاشنای چاکسازی و بنەما ڕاستەقینەکانی ڕاپەڕینی سەروەری شەهیدان ببن."