جام کوردی - لە گێڕانەوەیەکدا لە زوڕارەی کوڕی ئەعیەن، لە ئیمامی سادقەوە (سەلامی خوای لێبێت) هاتووە کە فەرموویەتی: «ئاسمان چل بەیانی بە خوێن بۆ حوسێن گریا، زەوی چل بەیانی بە ڕەشبینی گریا، خۆر چل بەیانی بە گیران و سووربوون گریا، فریشتەکانیش چل بەیانی بۆی گریان...». (مستدرك الوسائل، ل ٢١٥).

لە کاتێکدا ملیۆنان مرۆڤ بەرەو مەزارگەی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێبێت) بەڕێوەن بۆ یادکردنەوەی چلەی ماتەمینییەکەی، پرسیارێکی جەوهەری لە مێشکدا دروست دەبێت: بۆچی چل؟ تایبەتمەندی ئەم ژمارەیە چییە؟

ئەگەر سەیری کتێبی خوای گەورە بکەین، لە ئایەتی ١٥ی سورەتی ئەحقافدا دەفەرموێت: {حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ أَشُدَّهُ وَبَلَغَ أَرْبَعِينَ سَنَةً}، لێرەوە دەتوانین درک بە گرنگی ئەم ژمارەیە بکەین وەک هێمایەک بۆ گەیشتن بە لوتکەی "کەماڵ" و پێگەیشتنی مرۆڤ. ئایەتەکە ڕوونە کە مرۆڤ لە تەمەنی چل ساڵیدا ئامرازەکانی پێگەیشتنی عەقڵی و جەستەیی تەواو دەبێت بۆ هەڵگرتنی ئەو پەیام و بەرپرسیارێتییەی خراوەتە سەری.

ئەگەر ئەم ئایەتە و ئەو فەرموودەیەی سەرەوە وەک نموونەیەک وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە ئامانجی زیارەتی ئیمام حوسێن، دەبینین فەرموودەکە "ماوەکە" دیاری دەکات و ئایەتەکەش "ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکە" دەخاتە ڕوو.

بۆیە پێویستە لەسەر هەر زیارەتکار و خزمەتگوزارێکی ئەم ڕێگەیە بزانێت، کە جەختکردنەوەی پێشەوایانی ئەهلی بەیت لەسەر زیارەتی چلە، ئامانج لێی بونیادنانی کەسایەتی مرۆڤ بووە لە ڕووی ڕۆحی، فکری و ڕەوشتییەوە؛ بۆ ئەوەی مرۆڤ شایستەی هەڵگرتنی پەیامە چاکسازییەکەی سەیدولشوهەدا بێت. ئەو ماوەیەی لە ڕۆژی شەهیدبوونیەوە تا ڕۆژی چلەی ماتەمینی دەخایەنێت، وەک "قۆزاخەیەک" وایە کە تێیدا مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی "حوسێنی" کە خاوەن ئیرادە، قوربانیدان، ئازایەتی و بەخشندەیی بێت.

هەرگیز قبوڵکراو نییە کە "بەرهەمی" مرۆڤ لە ڕۆژی چلەدا، هەمان ئەو بەرهەمە بێت کە لە ڕۆژی عاشوورا هەیبووە. ڕۆژی چوونە ناو قوتابخانە نابێت وەک ڕۆژی دەرچوون لێی بێت. ئەگەر گۆڕانکاری ڕووی نەدابێت، ئەوا وەک ئەو کەسە وایە کە نوێژەکەی لێ وەرناگیرێت چونکە بێ ئاگا بووە لێی.

ئەی زیارەتکار و خزمەتگوزار؛ وریابە پەرستش نەبێتە "خوو" و ڕێوڕەسمەکان نەبنە "طقوس"ێکی بێ ڕۆح. مەخابن ئەمڕۆ لای زۆر کەس وایە؛ ئەگەر نا، کوا بەهاکانی حوسێن لە مامەڵەی ڕۆژانەماندا؟ کوا لێبوردەیی و بەخشندەیی لە دەرەوەی ڕۆژانی زیارەت؟ بۆچی تەنها لەم چەند ڕۆژەدا وەک ئەوەی ماسکێکمان پۆشیبێت ڕەوشتمان دەگۆڕێت و لە ڕۆژانی تری ساڵدا وانین؟

با هەر یەکێک لە ئێمە ئەم پرسیارە لە خۆی بکات: ئایا دوای تەواوبوونی زیارەتەکە، ڕەفتارمان لە یەکێک لە هاوەڵانی ئیمام حوسێن دەچێت؟ ئایا ئەگەر ئیمام خۆی لێرە بوایە، خۆشەویستی و ڕەزامەندی ئەومان بەدەستدەهێنا؟ چ گوناهـ و سیفاتێکی خراپ هەن کە دەبنە بەربەست لە نێوان ئێمە و ئەودا؟

 نەجم شێخ داغر