نەسیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلای پیرۆز، پێشبینی دەکات زیاتر لە ٢٢ ملیۆن زیارەتکار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداری لە زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن (د.خ) بکەن، هاوکات جەختی لە تەواوکردنی پلانە ئەمنی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و گواستنەوەکان کردەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پارێزگاکانی تر.
خەتابی بە کەناڵی (عێراقيە)ی ڕاگەیاند: "ئامادەکاری و پلانەکان بۆ زیارەتی چلە، دەستبەجێ دوای تەواوبوونی زیارەتەکەی ساڵی ڕابردوو دەستیان پێ کردووە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگا پلان و ئامێر و هۆکاری هاوچەرخیان بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پلانەکان زیاد کردووە.
پارێزگاری کەربەلا ڕوونیکردەوە: "هەماهەنگییەکی ئاستبەرز و ڕاستەوخۆ هەیە کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێنماییەکان جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پلانی گواستنەوە کردووەتەوە لە ڕێگەی دابینکردنی ژمارەیەکی زۆر پاسی مۆدێرن و فێنککەرەوە، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە سەرکراوەکان لە کاتی گواستنەوەی لێشاوی زیارەتکاراندا.
وتیشی: "زیارەتی ئەمساڵ بەکارهێنانی چەندین گۆڕەپانی نوێی نیشتنەوە و گواستنەوەی سەرنشینانی بەخۆیەوە بینی، جگە لە دروستکردنی پردی کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاریی هاتوچۆی زیارەتکاران لەو شەقام و ڕێگایانەی کە لە سەرتاسەری شارەکەدا فراوان کراون و پەرەیان پێدراوە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆش زیاد کراوە."
سەبارەت بە پلانی تەندروستی، پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە "هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا و نەخۆشخانەکانی عەتەبە پیرۆزەکان و نەخۆشخانە مەیدانییەکان و مەفرەزە پزیشکییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و پۆلیسی فیدراڵی و دەستەی حەشدی شەعبیدا هەیە."
دەربارەی هاوکاریی نێوان پارێزگاکانیش، خەتابی ڕایگەیاند کە "هەماهەنگییەکی مەیدانیی تۆکمە لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە بەسرە و پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست (نەجەفی ئەشرەف، دیوانییە، بابل)، جگە لەو هاوکارییانەی لە نەینەوا، بەغدا، ئەنبار و دیالەوە گەیشتوون، بۆ بەڕێوەبردنی هێڵەکانی هاتوچۆی زیارەتکاران تا دەگەنە مەرقەدی پیرۆز."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە "زیارەتی چلە شایەدی بەشداریی زیارەتکارانی زیاتر لە ١٨٠ ڕەگەزنامەی جیاوازە لە هەموو قاڕەکانی جیهانەوە، جگە لە بەشداریی موکێبەکانی خزمەتگوزاری لە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان،" هەروەها ستایشی ڕۆڵی بنەڕەتی و گەورەی خەڵکی کەربەلا و موکێبە حوسێنییەکان و هەزاران خۆبەخشی کرد لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، ڕێنمایی و وەرگێڕان بە زیارەتکاران.