قەیرانی دارایی یانەکانی سعودیە دوای خەرجکردنی بێباکی شازادەی جێنشینی سعودیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووەتە قەیرانێک. ئێستا بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی الریازیە، ئەم قەیرانە ڕووی لە یانەی شەباب کردووە، ئەمەش وایکردووە یاریزانان کودەتایەک لەدژی ئیدارەی کارگێڕی ئەنجام بدەن بەهۆی پێنەدانی مووچەی 3 مانگی ڕابردوودا.
یانەی شەباب دووەم یانەی تۆپی پێی سعودییە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کەوتۆتە ناو قەیرانی داراییەوە.
پێشتریش ڕۆژنامە سعودییەکان باسیان لە قەیرانی دارایی یانەی نەسر کرد کە خاوەنی ڕۆناڵدۆیە. ئەم یانەیە لە ڕیازیش ڕووبەڕووی بێتوانایی لە پێدانی مووچەی یاریزانە بیانییەکانی بووەوە.
پێنج یانەی دیاری سعودی دوای بڕیارەکەی محەمەد بن سەلمان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریان بۆ کڕینی ئەستێرەکانی تۆپی پێ خەرج کردووە و لەو ماوەیەشدا بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی سعودیە، تەنها لەسەدا 10ی ئەو پارەیە گۆڕدراوە بۆ داهات و لەسەدا 90ی زەرەر بووە.