بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان، ئەم شرۆڤەکارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ترەمپ واقیعی مەیدانی ئاوەژوو کردووەتەوە و لە ڕێگەی جەنگێکی دەروونی و میدیاییەوە هەوڵی دروستکردنی "واقیعی خەیاڵی" دەدات.
لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکردووە، ترەمپ ستراتیژییەکی پێچەوانەی پەیڕەو کردووە کە بنکۆڵکارییە نێودەوڵەتییەکان (لەوانەش PBS، CNN، Al Jazeera و Middle East Eye) لەسەر چەند تایتڵێکی سەرەکی هەڵوەستەیان لەسەر کردووە:
یەکەم: بانگەشەی خاوەندارێتی ئێران بۆ مووشەکی تۆماهۆک
بەپێی وتەی برزو حەبیب بۆ جام کوردی، گەورەترین زانیاریی هەڵەی ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بوو کاتێک لە وەڵامی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەیەکی کچانی ئێران (کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧٥ کەس)، ڕایگەیاند: ئێران خۆی خاوەنی مووشەکی تۆماهۆکە.
ئەم بانگەشەیە لەلایەن پسپۆڕانی چەک بە تەواوی ڕەتکرایەوە؛ مارک کانسیان لە CSIS، جێفری لیویس لە پەیمانگای میدلبێری و جێنزن جۆنز لە دامەزراوەی ARS، بە یەکدەنگی پشتڕاستیان کردەوە کە ئێران خاوەنی ئەم مووشەکە ئەمریکییە (دروستکراوی کۆمپانیای ڕیتۆن) نییە و تەنها هەندێک وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکا هەیانە. تەنانەت چەک شومەر، ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات، ئەم وتەیەی ترەمپی بە "لە شێتیش زیاتر" وەسف کرد.
دووەم: دروستکردنی چیرۆکی ساختەی دانوستان و ڕێککەوتن
لە مانگی ئابی ٢٠٢٦دا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کراوە بۆ ڕاستەوخۆ و بەتەواوی کردنەوەی تەنگەی هۆرمۆز و ئێران داوای وەستاندنی شەڕی کردووە.
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سەرچاوە سەربازییەکانی تاران، ئەم ئیدعایەیان بە "درۆ و بێ بنەما" ناوبرد و ڕایانگەیاند: تەنگەی هورمز تا بەردەوامی دوژمنکارییەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە.
سێیەم: بانگەشەی لەناوبردنی "تەواوی ئێران"
ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو هێزەکانی ئێرانی تێکشکاندووە.
لە وەڵامدا، شرۆڤەکاری سیاسی برزو حەبیب ئاماژەی بەوە کرد: ئامانجە سەرەکییەکانی واشنتۆن (گۆڕینی ڕژێم، کەمکردنەوەی توانای ئەتۆمی، یان لەکارخستنی بنکە ئابوورییەکان) نەپێکراون و دەسەڵاتدارانی ئێران جەختیان لە بەردەوامی بەرگری کردووەتەوە.
چوارەم: تۆمەتبارکردنی کورد بە دزینی چەکەکان.
یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکان لە وتوێژەکەی جام کوردی لەگەڵ برزو حەبیب، شیکردنەوە بوو بۆ وتەکانی ترەمپ لە فۆکس نیوز (لە مانگەکانی نیسان و مایۆدا) کە تێیدا کوردەکانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی ئەو چەکانەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران نێردرابوون، بۆ خۆیان هێشتویانەتەوە.
ئەم تۆمەتە لەلایەن بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ میدیا کوردییەکان بە تەواوی ڕەتکرایەوە و ڕاگەیەندرا کە هیچ چەکێک بۆ ناو ئێران نەنێردراوە و چەکەکان لە بنکەکانی ئەمریکادان.
هەروەها سەرجەم لایەنە کوردییەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان بە توندی ئەم هەواڵەیان بە درۆ خستەوە.
برزو حەبیب لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێری جام کوردی ڕوونیکردەوە، ئەم تاکتیکەی ترەمپ جێبەجێکردنی "تیۆری هونەری مامەڵەکردنی دەروونی"یە بۆ:
- تێکدانی خەمڵاندن و پێشبینییەکانی لایەنی بەرامبەر لەکاتی جەنگ و دانوستاندا.
- ئاڕاستەکردنی پەیام بۆ بنکەی جەماوەری خۆی (MAGA) و نوخبەی ئابووری بۆ شاردنەوەی شکستە دیپلۆماسی و سەربازییەکان.
- دروستکردنی قوربانی و گوناهبار لە کەسایەتی کوردەکاندا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی پلانەکانی خۆی.
لە بەرامبەردا، سەرکردایەتی ئێران بە یەکدەنگی (مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمار، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، و غوڵام حوسێن محسنی سەرۆکی دادوەری) ڕایانگەیاندووە کە هیچ دابەشکارییەکی ناوخۆیی (توندڕەو و مامناوەند) نییە و بە یەکێتییەوە ڕووبەڕووی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەروونییە دەبنەوە.
کەواتە جێی خۆیەتی بڵێین: ستراتیژی ترەمپ نەیتوانیوە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە (ئێران، کورد، پاکستان، تورکیا، سعودیە و مصر) بگۆڕێت، بەڵکو بەهۆی ئاشکرابوونی زانیارییە ناڕاستەکان، زیانی بە متمانەی نێودەوڵەتی ئەمریکا گەیاندووە؛ تا ئەو ڕادەیەی هاوپەیمانە نزیکەکانی وەک کەنەدا و بەریتانیا بۆ ڕێککەوتنی ئابووری و وزە ڕوویان لە کۆماری میللی چین کردووە.