لەم ڕوانگەیەوە، د. یاسین تەها، توێژەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕ لە مێژووی بیروباوەڕە ئیسلامییەکان، شیکارییەکی کورت و ناوەڕۆکدار بۆ ئامانج و ڕەهەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەخاتە ڕوو.
لە شیکارییەکەی د. یاسین تەها دا، ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە لە مەککەی پیرۆز هەڵگری پەیامێکی دووئاراستەیە:
پەیامی یەکەم بۆ ئێرانەو پیشاندانی ئەوەی کە جیهانی سوننە لە بەرامبەر فراوانبوونی هەژموون و تەراتێنی گرووپە جیاوازەکاندا بێخاوەن و واڵا نییە،
بەڵکو میحوەرێکی بەرگریی بەهێز و بەپشتیوانی جەمسەری سەربازی و ئەتۆمی هەیە.
پەیامی دووەم بۆ ئیسرائیلەو دەربڕینی ئەوەی کە ئاسەوار و دەرئەنجامەکانی ئەنجامی رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هێرشەکانی دواتری تەلئەبیب، بە مانای ئازادبوونی دەستی ئیسرائیل نییە لە ڕەسمکردنی نەخشەی نوێی ناوچەکە بەپێی ئارەزووەکانی خۆی.
پوختەی بابەتەکە ئەمەیە:
یەکەم: ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەر سێ وڵات و هەڵبژاردنی شاری مەککە وەک شوێنی ڕاگەیاندنەکە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کێشی قورسی ڕەمزی و سیاسی ئەم هەنگاوە، کە دەیەوێت شەرعییەتی ئایینی و هێزی سەربازی پێکەوە ببەستێتەوە.
دووەم: هەروەک د. یاسین تەها ئاماژەی پێداوە، بونیادنانی هاوپەیمانی لەسەر کاغەز ئاسانە، بەڵام مێژووی ناوچەکە پڕییەتی لە هاوپەیمانیی هاوشێوە کە لە ئاستی جێبەجێکردندا تووشی لە بارچوون بوون. سەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بەندە بە ئاستی پابەندبوونی کردەیی و یەکخستنی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانی ئەم سێ جەمسەرە لە ئایندەدا.
چونکە دروستکردنی هاوپەیمانیی گەورە لەسەر کاغەز و ڕاگەیاندنیان بە دروشمی قورس، گەرەنتی پڕکردنەوەی کەلێنە سیاسی و جیاوازیی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتانە ناکات. لێکدانەوەکەی دکتۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەزموونی مێژوویی ناوچەکە سەلماندوویەتی زۆرێک لە ڕێککەوتنه سەربازی و ئاسایشییەکان لە کاتی جێبەجێکردندا تووشی سڕبوون بوونەتەوە و نەبوونەتە هاوکێشەیەکی کردارەکی سەر زەوی.