​لە نووسینێکدا کە ڕۆژی شەممە (٨ی ئاب) لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە و دەست "جام کوردی" کەوتووە، هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگەی کوردی کردووە و نووسیویەتی: "لە کاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان خەریکی نۆرەگرتنی بەنزینن و لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو، گرانیی کارەبا، دواکەوتنی مووچە و سەختیی ژیاندا زۆرانبازی دەکەن؛

لە کاتێکدا پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوونەتە پسپۆڕی تێچوو، جۆر و نرخی بەنزین لە پارێزگاکاندا؛

لە کاتێکدا 'سەرکردایەتی'ی پارتەکانی دەسەڵات، لە جیاتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، قڕوقەپیان هەڵبژاردووە".

​ناوبراو ڕەخنە لە بێهەڵوێستیی هێزە سیاسییەکان دەگرێت و دەڵێت: "لەم کاتەدا، پارێزگای کەرکووک بوو بە ئەندامی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک و ماددەی ١٤٠ لەلایەن تورکمانەکانی سەر بە تورکیاوە بە 'هەڵەیەکی مێژوویی' لە قەڵەم درا".

​لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا، ناوبراو هۆشدارییەکی توند لەسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دەدات و جەخت دەکاتەوە:

لەم کاتەدا کە گۆڕانکاریی زۆر مەترسیدارتر بەڕێوەن و دەرئەنجامەکانیان هەڕەشە لە بوونی قەوارەی هەرێم دەکەن؛

ئا لەم کاتە چارەنووسسازەدا، پارتی و یەکێتی هێشتا لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات لە یەکتر تۆراون و پەرلەمانیان داخستووە!".

​هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە تووڕەیییەوە لە ئاست بژێویی خەڵک و گەندەڵیدا دەڵێت:

خەڵکی کوردستان لەژێر باری سەختیی ژیانی ڕۆژانەدا پشتی شکاوە و، دزی و گەندەڵیی دەسەڵاتیش هەموو سنوورەکانی بەزاندووە، ئەی بە لەعنەت بێت ئەم دەسەڵاتە".

​هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کوڕی نوسەر و کەسایەتیی دیاری کوردستان (ئیبراهیم ئەحمەد)ە.

ناوبراو لە ئێستادا لە هیچ پۆستێکی فەرمیی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە و بەوە ناسراوە کە لە نووسینە کورت و بەردەوامەکانیدا ڕەخنەی جدی و بێپەردە لە ئەدا و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.