​بورهان مەجید لە پۆستەکەیدا پرسیارێک ڕووبەڕووی ڕای گشتی دەکاتەوە و دەڵێت: "بۆچی لە بەغدا خەڵکی خۆپیشاندان دەکەن، کەچی لە هەرێم خۆپیشاندان نابینین؟"

​لە وەڵامی پرسیارەکەشیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە شاری بەغدا هاووڵاتییان مانگرتن و خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان ڕێکدەخەن، بەهۆی ئەوەی دیکتاتۆرەکان لەوێ لە دەسەڵاتدا نەماون. لە بەرامبەردا، جیاوازییە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ شێوازی مامەڵەی دەسەڵات دەگەڕێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە هێز و توندوتیژی وەڵامی مانگرتووان و خۆپیشاندەران دەدەنەوە.

​ئەو هونەرمەندە جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکیی نەهاتنە سەرشەقامی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ پرسی ترس دەگەڕێتەوە. بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەشی، بەراوردی دۆخی ئێستای هەرێم دەکات لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن و دەپرسێت: "لە کاتی دەسەڵاتی سەدامی دیکتاتۆردا، ئایا خەڵکی عێراق دەیانوێرا مانبگرن و خۆپیشاندان بکەن؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر."