بەپێی بەدواداچوونەکانی جام کوردی، کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەدوای ساڵی ١٩٨٣وە (کە گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٤.٨ ملیۆن بەرمیل)، ئەمریکای ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی و ئابووریی قووڵ کردووەتەوە.

ئەم ھۆکارە ئابوورییە لەگەڵ ھەڵسەنگاندنە سەربازییەکان بوونەتە ھۆی دروستبوونی گوشارێکی توند لەسەر بڕیار بەدەستانی واشنتۆن.

​لەو چوارچێوەیەدا، زانیارییە دزەپێکراوەکان کە لە تۆڕی (CNN)ییەوە سەرچاوەیان گرتووە ڕوونی دەکەنەوە، ژەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی ئەمریکا، نیگەرانیی توندی خۆی لە بژاردەکانی پەرەسەندنی سەربازی دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە: "ھێرشی ئاسمانی بەتەنھا ئامانجەکان ناپێکێت و پێویستە ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە جەنگی ئێران بدۆزرێتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵییەکان بە پشتبەستن بە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، دۆناڵد ترەمپ لەپشت پەردەوە و لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانیدا بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت و باسی لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران کردووە.

لە لایەکی ترەوە ​پرسی سەرەکی لەم هاوکێشە نوێیەدا "دەستپێکردنەوەی گەشتە دەریاییەکانە لە گەرووی هورمز"، کە بووەتە چەقی پلانە نوێیەکەی ترەمپ.

بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی، ترەمپ ئامادەیە سەرجەم گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران هەڵبگرێت بەو مەرجەی تاران گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی هاتووچۆی کەشتیوانیی جیهانیدا بکاتەوە.

تەنانەت پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربڕیشی کردووە ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆنترۆڵ بکرێت. ترەمپ دەیوێت تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێش واژۆ نەکرێت، ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئیدارەکەی بەجیهان بناسێنێت.

​پەیوەست بەم بابەتە، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە قووڵیی قۆناغی دانوستان و رووداوەکان کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە ناوەڕاستی یارییەکەداین، نەک لە سەرەتایدا."

لە درێژەی بەدواداچوونەکانی جام کوردیدا نیشانی دەدەن کە تاران جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی خێراتر کردووە. لەسەر ئاستی سیاسی،

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ ئایەتولڵا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووەتەوە بۆ تاووتوێکردنی ئامادەکارییە ئابووری و بژێوییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو.

​لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسی و ئابوورییانەشدا، لایەنی سەربازیی ئێران ڕێڕەوێکی بەهێزی گرتووەتەبەر؛

فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران جەختی لەسەر ئامادەباشیی توندی سوپاکەی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ "وەڵامێکی توند و بەهێز" بەرامبەر هەر جووڵەیەکی سەربازی کە بێزاری یان مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەیان دروست بکات.