لە بەدواداچوونەکەی جام کوردیدا هاتوو، بەهرۆز گەڵاڵى ئاماژەی بە هێرشە ئاشکراکانی ئەمدواییەی سەر جبەخانەی تاسڵوجەو تەگەران و چەند شوێنێکی دیکە کردووە و وەکو قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار وەسفی کردوون. ناووبراو جەختی کردووەتەوە کە ئەم پەلاماردانانە پەیامێکی ڕوونی سیاسی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆ سەر سلێمانی و سنوری یەکێتی، کە ناوەرۆکەکەی بریتییە لە هۆشداریدانی ڕاستەوخۆ بەوەی لەمەودوا هێرش دەکرێتە سەرتان.
گەڵاڵى گلەیی ئەوەش دەکات کە پێشتریش دوای لێدانی تاسڵوجە، پێشنیازی ناردنی وەفدێکی خاوەن بڕیاری بۆ تاران کردووە، بەڵام لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە گوێی پێنەدراوە.
نوێنەری پێشتری یەکێتی لە تاران، میراتی سیاسیی مام جەلال بیردەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە ڕابردوودا کاتێک کێشە لەسەر سنورەکان دروست دەبوو، مام جەلال بەخێرایی درکی بە مەترسییەکە دەکرد و خۆی دەچووە تاران بۆ چارەسەرکردنی".
بەڵام مام جەلال هەمیشە دەیوت: "ئێمە نزیکەی 800 بۆ 900 کیلۆمەتر سنورمان لەگەڵ ئێران هەیە و ئەمریکا هەزاران میل لە ئێمەوە دوورە، بۆیە دەبێت پەیوەندییەکانمان وەک ڕۆیشتن بەسەر هێلکەدا بێت و نابێت بهێڵین هێلکەکان بشکێن".
سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە، بەهرۆز گەڵاڵى لە رێگای ماڵپەڕی شار پرێسەوە داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە کات بەفیڕۆ نەدات و بەپەلە لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازی و دیپلۆماسی سەردانی تاران بکات لەوانە:
وەزیری پێشمەرگە
بەرپرسی دەزگای زانیاری
چەند کەسێکی شارەزا لەم کەیسە
ئامانج لە بەشداریی ئەم وەفدە ئەوەیە کە بەوردی گوێ لە قسەی ئێرانییەکان بگرن.
لە کۆتایی بەدواداچوونەکەی جام کوردیدا، بەهرۆز گەڵاڵى جەختدەکاتەوە کە یەکێتیی هاوسەنگی راگرێت و بەجورئەتەوە قسەی دڵی خۆی لە تاران بکات و بەرژەوەندیی باڵای زۆنی سەوز بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشداوە کە درۆ و چەواشەکاریی زۆر لەدژی یەکێتی لای ئێرانییەکان کراوە و دەبێت بافڵ تاڵەبانی پوچەڵیان بکاتەوە، بەڵام جەختیشی کردووەتەوە کە چاککردنەوەی ئەم پەیوەندییانە نابێت لەسەر حسابی هیچ لایەک بێت.