بەپێی زانیارییەکانی جام کوردی، هەردوو لایەن لە ڕێگەی بازگەکانیانەوە جۆرێک لە گەمارۆی ناوخۆییان لە نێوان هەولێر و سلێمانی دروستکردووە. هەڵسوکەوتی بازگەکان بەجۆرێکە وەک ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان دوو وڵاتی جیاواز و نەیاردا ئەنجام بدرێت، ئەمەش گوشاری ڕاستەوخۆی خستووەتە سەر هاوڵاتیان.
لە دواین پێشهاتدا، لە شاری هەولێر کێشەیەکی جدیی غازی ماڵان و نەوت دروستبووە. سەرچاوەکانی جام کوردی ئاشکرایان کردووە کە هۆکاری سەرەکیی بڕانی غازەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی ناردنی غاز لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر.
لەلایەکی ترەوە، هۆکاری ڕاگرتنی غاز لەلایەن سلێمانییەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ شێوازی دابەشکردنی نەوت لەلایەن پارتییەوە؛ هاوکات دەوترێت لەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە بەغدا بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی ناردووە، پارتی تەنها ۱۰ هەزار بەرمیلی داوەتە سلێمانی و ٤۰ هەزارەکەی تر بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی (زۆنی زەرد) تەرخان کراوە.
هەروەها بازگەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ڕێگری لە گواستنەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەن بۆ ناوچەکانی یەکتر.
لە لێدوانێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند:
"ماوەی یەک مانگە هیچ جۆرە دەرمانێک لە زۆنی زەردەوە بۆی نییە بچێتە زۆنی سەوزەوەو بە پێچەوانەشەوە."
بۆیە ئەم ڕێگرییانە بوونەتە هۆی کەمیی دەرمان و گرانبوونی سەختی چەندین جۆری دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەکان.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکانی جام کوردی،
ئەم ڕەوشە ئابووری و کۆمەڵایەتییە وایکردووە خەڵک بەدەست بێدەرەتانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە بپووکێنەوە. بازرگانان لەبری ئاسانکاری، بوونەتە قوربانیی ناوەندی سەرانەوەرگرتن و ڕێگری حزبی، بەجۆرێک کە حزبەکان بەپێی ویست و بەرژەوەندیی خۆیان بەسەر هاوڵاتیاندا حوکم دەکەن.