سەردانێک کە بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان بە جام کوردی گەشتووە، زیاتر تەوەرەکەی لە دەوری پاراستنی بەرژەوەندییە کۆمپانیاکانی سەر بە دەسەڵات و دۆسیە داراییە ئاڵۆزەکان دەسوڕێتەوە، نەک چارەسەری ڕیشەیی بژێویی خەڵک.

​بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، شاندی هەرێم لەم سەردانەدا هەڵگری چەند دۆسیەیەکی هەستیارە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

​ڕزگارکردنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکە بەهۆی قەرزارییەوەو خستنەسەری قەرزەکانی کۆڕەک لەسەر بودجەی هەرێم.

​داواکاری بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی ڕۆژانەی ناوخۆ لە ۵۰ هەزار بەرمیلەوە بۆ ۱۴۰ هەزار بەرمیل.

​دانوستان لەسەر ڕەوانەکردنی بودجەی گشتیی هەرێم بە تەواوی لەبری بەکارهێنانی تەنها سیستەمی تەرخانکردنی مووچە.

​هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە تۆمارکردنی هەر سکاڵایەکی نوێ لە دادگای فیدراڵی دژی هەرێم و پرسی لەکارکەوتنی پەرلەمان.

لە بەرامبەردا ​کاردانەوەی هاوڵاتیان بەتایبەت چینی مووچەخۆران و فەرمانبەران بە چاوێکی پڕ لە گومان و بێئومێدییەوە دەواننە ئەم هەنگاوە. چونکە پێیانوایە ئەم سەردانانە لە ڕابردوودا جگە لە بەڵێنی بێکردار و دروستکردنی قەیرانی نوێ، هیچ دەستکەوتێکی بەرجەستەی بۆ باشکردنی بژێویی ژیانیان پێنەبووە.

​ئەم نائومێدی و تووڕەییەی خەڵک لە لێدوان و کاردانەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت:

​لەوانە زەند مەرد لە کۆمێنتێکدا ئاماژە بە دەستێوەردانی کەسایەتییەکان دەکات و دەڵێت: "کۆڕەک هەموویان دەباتە بەغداد... پەلەمەکەن حکومەتی عێراق قۆنەرەیان پێ ماچ دەکەن."

​عیرفان عەبدوڵا بە توندی ڕەخنە لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەگرێت و دەڵێت: چونکە هەموویان شەریکن لەم کۆڕەکە، هەمویان تەنگەتاوبوون، پەلەپڕووکیانە بۆ پارە."

​عەلی ئەحمەد پێیوایە سەردانەکە پەیوەندی بە پرسی نەتەوەییەوە نییە و دەڵێت: "خۆ بۆ کێشەی کورد ناڕوات، بۆ تجارەتی خۆیان دەڕوات و بۆ تێکدانی زیاتری وەزعەکانە."

​سەلام مەجید ئاماژە بە ئەزموونی تاڵی ڕابردوو دەکات و دەنووسێت: "هیچ سەردانێکی خێر و خۆشی بۆ میللەت بەگشتی و چینی مووچەخۆران بەتایبەتی نەبووە، جگە لە دروستکردنی قەیرانی نوێ و درێژەدان بە قەیرانەکان و چەواشەکاری لەلایەن ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانیانەوە."

​ماوەتەوە بڵێین: متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر پرسی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. لە کاتێکدا شاندی هەرێم هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و پاراستنی پشتیوانییە کۆمپانیاکانی دەدات، هاوڵاتیان و مووچەخۆران وا دەبیژن کە ئەم هەنگاوانە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییە تەسکە حزبی و بازرگانییەکان دەکەن و بارگرانییە داراییەکان زیاتر دەخەنە سەر شانی خەڵکی کوردستان.