​لە نوسینەکەیدا کە باسی لە بارودۆخی کشتوکاڵ و بژێوی جوتیاران کردووە، دکتۆر ئەحمەد بە بەراوردکردنی نرخی بەروبوومە هاوردەکراوەکان لە ئەوروپا، خەمخۆریی خۆی بۆ بەهەدەردانی توانای کشتوکاڵیی هەرێم دەربڕیوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بازاڕەکانی سویددا، کیلۆیەک بامێی ئەردەنی بە نزیکەی ٢٣ هەزار دینار و ترۆزی بە ١٢ هەزار دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا قوتوویەکی ٤٠٠ گرامی لە گەڵامێوی ئۆرگانیکی یۆنانی گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥ هەزار دینار.

​دکتۆر ئەحمەد پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی ناوچە پڕ لە پیتەکانی وەک شارەزوور و پێنجوێن ناتوانن بەروبوومەکانیان بگەیەننە بازاڕەکانی ئەوروپا، لە کاتێکدا لە ڕووی خاک و ئاوەوە هیچ کەمتر نین لە وڵاتێکی وەک ئەردەن.

​لە درێژەی نوسینەکەیدا ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتییەکەیان دەکەوێتە سەر شان بەهۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و یارمەتینەدانی جوتیاران بۆ باشترکردنی ئاستی بژێوییان.

​بۆیە داوای لە گەنجانی ناوخۆ کردووە کە تەنها چاوەڕێی هاوکاری نەبن، بەڵکو خۆیان لە وردەکارییەکانی بازاڕگەریی جیهانی (Marketing) و دروستکردنی زۆن و شێوازی هاوچەرخی ئاخنینی بەرهەمەکان (Packaging) شارەزا ببن تا بەرهەمە ناوازەکەیان بگاتە شایستەترین بازاڕ و بە بەرزترین نرخ بفرۆشرێت.

​دکتۆر ئەحمەد لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، یادەوەرییەکی کۆن بەسەر دەکاتەوە کە ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ئێستای جوتیارانە و دەڵێت:

​"ئەو ئێوارەی لای مزگەوتی پاشای هەڵەبجەم دێتەوە پێش چاو؛ مێردمنداڵێک لەگەڵ باوکیدا هەڵوژەی ڕەشی دەفڕۆشت و بە گەرمییەوە هاواری دەکرد 'وەرە بۆ گێلاسی کوردی!'، بەڵام لە ماوەی خواردنەوەی چایەکدا لە چاخانەی ئەوێ، تەنانەت یەک کڕیاریش لێی نزیک نەبووەوە."

​لە کۆتاییدا، ناوبراو بە هیوای "ژیانێکی باشتر" بۆ گەنجان و جوتیارانی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بکرێت تا ماندووبوونی جوتیاری کورد بە فیڕۆ نەچێت و بەروبوومی ناوخۆیی بگاتە ئاستی جیهانی.