بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا قوبادیمێهر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی بازرگانی ـــ‌ پیشەسازی قەسر شیرین، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێرانی-عێراقی جام کوردی، باسی لە سوودەکانی ئەم ناوچەیە بۆ سەرمایەدارانی عێراقی، پلانەکانی ڕێکخراوەکە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، پەرەپێدانی ناوچەی لۆجستی، بەهێزکردنی بازرگانی و ترانزێت، هەروەها پلانی ڕاکێشانی سەرمایە بۆ دامەزراندنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی کرد.  ناوبراو هاوکات دیدارێکی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی عێراق و بانگهێشتی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە ناوچەی ئازادی قەسرشیرین ڕاگەیاند، بۆنەیەک بەم نزیکانە بەدی دێت.

ئەمەی خوارەوە چاوپێکەوتنی میدیای جام کوردییە لەگەڵ ڕەزا قوبادیمێهر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسر شیرین:

جام کوردی: بەڕێز قوبادی مێهر، بۆ دەستپێکردن بفەرموون، بڕیارە ناوچەی ئازادی قەسر شیرین چ سوودێکی هەبێت بەسەر ناوچە ئازادەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی عێراقی قەسر شیرین بۆ وەبەرهێنان هەڵبژێرن؟ چ پاکێجێکی هاندان و ئاسانکاری تایبەت لەبەرچاو گیراوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی عێراقی؟

- بڕوانە ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسر شیرین توانا و سوودی بەرچاوی هەیە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بەتایبەت وەبەرهێنەرانی عێراق. یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی ئەم ناوچەیە دەستڕاگەیشتن بە وزەیە بە نرخێکی گونجاو. بوونی ژێرخانی پەیوەندیدار بە ئاو و کارەبا و گاز و ئەگەری دابینکردنی وزەی پێویستی یەکەکانی بەرهەمهێنان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و دواجار کەمکردنەوەی نرخی کۆتایی بەرهەمەکان.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە مرۆییەکانی تایبەتمەند و بەتوانا و گونجاو، تواناکانی دیکەی ناوچەی ئازادی قەسر شیرینن، کە دەتوانێت سوودێکی گرنگ بێت بۆ وەبەرهێنەران لە دامەزراندنی یەکەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێناندا.

هەروەها وەبەرهێنەران سوودمەند دەبن لە سوودەکانی لێخۆشبوونی پێشبینیکراوی باج لە ناوچە ئازادەکاندا، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی سەرنجی ئابووریی وەبەرهێنان لە قەسر شیریندا.

بابەتێکی تری گرنگ، ئەگەری گواستنەوەی زەوییە بۆ دامەزراندنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی. هەروەها لە چوارچێوەی پەیڕەودا، دەکرێت پرۆسەی خاوەنداریەتی و دەرکردنی بڕوانامەی خاوەنداریەتی بە ناوی وەبەرهێنەرانی عێراقی، به شێوەی شەش دانگ جێبەجێ دەرکرت، که دەتوانێت ئاسایش و دڵنیایی زیاتر بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دابین بکات.

کۆی ئەو توانایانە لەگەڵ هەڵکەوتەی جوگرافیای قەسرشیرین و سنوورە ڕاستەوخۆکەی لەگەڵ عێراق، دەتوانێت ئەم ناوچەیە بکاتە یەکێک لە بژاردە گونجاوەکان بۆ بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی پیشەسازی لەلایەن وەبەرهێنەرانی عێراقییەوە.

جام کوردی: یەکێک لە گلەیی هەرە گرنگەکانی چالاکانی ئابووری، بیرۆکراسی و فرەیی ئۆرگانی بڕیاردەرە لەسەر سنوورەکان. ناوچەی ئازادی قەسر شیرین چ گۆڕانکارییەک لە پرۆسەی دەرکردنی مۆڵەت و لێپرسینەوە و ئیزندان بە کاڵاکاندا دەهێنێت و کەی خەڵک کاریگەرییەکانی دەبینن؟

-یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسر شیرین ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی کارگێڕی و وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی. ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین سەربەخۆیی پێویستی هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار و پڕۆسەکانی پەیوەست بە مۆڵەتی وەبەرهێنان و هەوڵ دەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی وەبەرهێنەران ڕووبەڕووی پرۆسەی ئاڵۆز و کات بەفیڕۆدەر نەبنەوە بۆ دەستپێکردنی چالاکییە ئابوورییەکانیان.

پێشوازی لە ئامادەبوون و وەبەرهێنانی چالاکوانانی ئابوری بیانی بەتایبەت وەبەرهێنەرانی عێراق دەکەین و ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین بەدواداچوون و ئاسانکاری بۆ پرۆسەکانی پەیوەست بە دەرکردنی مۆڵەت و بابەتی وەبەرهێنان لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیدا دەکات.

ئامانجمان ئەوەیە وەبەرهێنەران ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی ڕوون و تایبەت و ئاسانکراو ببنەوە و بتوانن بە متمانەی زیاترەوە بڕیار بدەن بۆ وەبەرهێنان و دروستکردنی چالاکیی ئابووری لە ناوچەکەدا.

جام کوردی: بە لەبەرچاوگرتنی پشکی بەرزی سنوورەکانی کرماشان لە بازرگانی ئێران و عێراقدا، پلانتان چییە بۆ گۆڕینی قەسر شیرین بۆ ناوەندێکی بازرگانی و ترانزێت و دووبارە هەناردەکردنەوە بۆ عێراق و سوریا؟ ئایا جێبەجێکردنی گواستنەوەی کاڵاکان بە یەک وێستگەش لە بەرنامەی کاردایە؟

-یەکێک لە میحوەرە گرنگەکانی پلانەکانی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین پەرەپێدانی توانای لۆجستی و بازرگانی ناوچەکەیە. لەم ڕووەوە دروستکردن و پەرەپێدانی ناوچەی لۆجستی لە ناوچەی ئازاد گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

پەرەپێدانی ئەم ناوچەیە دەتوانێت زەمینە بۆ خۆشگوزەرانی بازرگانی خۆش بکات و چالاکییە ئابوورییەکان زیاد بکات و پرۆسەی گواستنەوەی کاڵاکان ئاسان تر بکات. یەکێک لە کاریگەرییە گرنگەکانی ئەم ڕێکارە، کەمکردنەوەی ئەو کاتە دەبێت کە کاڵاکان لەسەر سنوور بەسەری دەبەن، ئەمەش بۆ چالاکوانانی ئابووری و کاسبکاران گرنگییەکی زۆری هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵکەوتەی قەسرشیرین لە نزیک سنووری عێراق و توانا بازرگانییەکانی ناوچەکە، وا دەکات بتوانێت پەرە بە ژێرخانی لۆجستیک بدات و ڕۆڵی هەرێم لە بازرگانی و ترانزێتی کاڵاکاندا بەهێزتر بکات، هەروەها قەسر شیرین ببێتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق.

جام کوردی: لەبواری گەشتوگوزار و هاتووچۆی سنورەکاندا پلانتان چییە بۆ ڕاکێشانی هاوڵاتیانی عێراق؟ ئایا پرسی هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی عێراقی و دەرکردنی تابلۆی کاتی و دروستکردنی سەنتەری بازرگانی و هۆتێل و ژێرخانی گەشتیاری دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە؟

- وەڵامدانەوە سەبارەت بە بەرنامەکانی گەشتیاری و جوڵەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی عێراق و تابلۆی کاتی و سەنتەری بازرگانی و هۆتێل و ژێرخانی گەشتیاری پێویستی بە کاتێکی وردتر هەیە، کە دواتر ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بەردەنگانی عێراقی جام کوردی ئاگاداربکرێنەوە.

جام کوردی: هەندێک نیگەرانن لەوەی کە ناوچەی ئازادی قەسر شیرین تەنها ببێتە شوێنێک بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل. پلانی ڕێکخراوەکە چییە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنان، پیشەسازییەکانی پرۆسێسکردن، دروستکردنی هەلی کارێکی بەردەوام و زیادکردنی هەناردەکردن و کەی خەڵکی ناوچەکە هەست بە کاریگەرییە ئابوورییە دیارەکانی دەکەن؟

-ڕێبازی ئێمە لە ناوچەی ئازادی قەسرشیرین تەنها پەرەپێدانی هاوردەکردن نییە؛ بەڵکو پەرەپێدانی بەرهەمهێنان، دروستکردنی یەکەی پیشەسازی و بەرهەمهێنان، زیادکردنی هەناردەکردن و دروستکردنی هەلی کارێکی بەردەوام لە ئامانجە سەرەکییەکانی ناوچەی ئازادن.

بۆیە بە پەسەندکردنی پلانی گشتگیر بۆ ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسر شیرین، لە چەند مانگی داهاتوودا دەچینە قۆناغی بانگەواز، بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ وەبەرهێنەران.

لەم پڕۆسەیەدا گرنگییەکی تایبەت دەدەین بە ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بەتایبەت وەبەرهێنەران لە عێراقەوە بۆ دابینکردنی بنەما بۆ دامەزراندنی یەکەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و دامەزراندنی کارگەی جۆراوجۆر لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، بە شێوەیەکی سروشتی، دامەزراندنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی هەناردەکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە و دواجاریش بەشداری بکات لە گەشەپێدانی ئابووری قەسر شیرین و پارێزگای کرماشان.

هەر لەو پێوەندییەدا بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بەڕێزی عێراقی لە ناوچەی ئازادی قەسر شیرین ئەنجام دەدەین و بە فەرمی بانگهێشتیان دەکەین بۆ ئامادەبوون و وەبەرهێنان لەم ناوچەیەدا.

ئامانجمان ئەوەیە کە تواناکانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین لە قۆناغی پلاندانانەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردن ببەین و بە ڕاکێشانی وەبەرهێنان و دامەزراندنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی، ڕێگا خۆش بکەین بۆ پێکهێنانی ئابوورییەکی چالاک و بەردەوام لە ناوچەکەدا.

جام کوردی:  قسەی کۆتایی؟

- لە کۆتاییدا سوپاسی میدیای باش جام کوردی دەکەم کە هەمیشە لە خەمی کێشە و ئاستەنگ و بابەتەکانی پەیوەست بە سنوور و بازرگانی نێوان ئێران و عێراقدایە. بێ گومان میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە دەستنیشانکردنی کێشەکان و هاوکاریکردن بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمدا بە ڕەنگدانەوەی داواکاریی چالاکانی ئابووری و خەڵکی ناوچەکە.

جام کوردی: ئەوەی ئەمڕۆ لەبارەی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین باسی لێوە دەکرێت، ئەگەر بێتەدی، دەتوانێت ڕوانگەیەکی نوێ بۆ بازرگانی، وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان، و دامەزراندن لەم ناوچەیە و پارێزگای کرماشان دروست بکات. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم بەڵێن و بەرنامانە تەنها لە چوارچێوەی دروشم و کردەوەی نمایشکاری نەمێننەوە و خەڵکی قەسرشیرین و ناوچە سنووریەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا هەست بە کاریگەریی ڕاستەقینەی بکەن لە ژیان و کار و باری ئابووری خۆیاندا.

جام کوردی وێڕای پێشوازیکردن لە بەرنامە ڕاگەیەندراوەکان، بەردەوام بەدواداچوون بۆ چالاکی و کارکردی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین دەکات و لە گفتوگۆ لەگەڵ چالاکانی ئابووری و شارەزایان، باس لە دەرفەت و تەحەدا و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم ناوچەیە دەکات؛ بەو هیوایەی کە بە دەستنیشانکردنی کێشەکان لە کاتی خۆیدا و ڕاستکردنەوەی ڕێگاکە، ناوچەی ئازادی قەسرشیرین بتوانێت بە ئامانجە پێشبینیکراوەکانی خۆی بگات و تێوەنەگلابێت لەو کێشە و پرسانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەندێک ناوچەی ئازادی وڵاتدا هەیە.

ئامانج پێکهێنانی ناوچەیەکی چالاک دینامیک و کاریگەرە، ناوچەیەک کە دواجار چالاکییەکانی لە خۆشگوزەرانی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاکێشانی سەرمایە و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی ناوچەکەدا دەبینرێت و ئەمەش ئەوەیە کە خەڵک چاوەڕێی لە دەسەڵات دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی میدیای جام کوردییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

تایبەت بە جام کوردی