بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، "مەنووچێهر حەبیبی"، پارێزگاری کرماشان، لە دیدارێکدا لەگەڵ "محەمەد عەلی دێهقان دێهنەوی"، بریکاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران، بەدواداچوونی بۆ زنجیرەیەک داواکاریی بازرگانیی ئەو پارێزگایە کرد لەوانە، چالاککردنی سنووری تیلەکۆ، لابردنی سنووردارکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی گەورە، تەواوکردنی بازاڕە سنوورییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەمی بازرگانی گشتگیر و پابەندبوونەکانی دراوی بیانی بازرگانان.


حەبیبی بە جەختکردنەوە لەسەر ئامادەیی مەرزی تیلەکۆ بۆ جێبەجێکردنی یاسای بازرگانی سنوورییەکان وتی: ئامادەکاری پێویست لە پارێزگاکە کراوە و پێشبینی دەکرێت ئەم سنوورە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی کارا بکرێت.

هەروەها داوای پێداچوونەوە بە سنووردارکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی گەورە وەک ئامێری جل شۆردن و کولر و سەلاجەی کرد و ڕایگەیاند: ئەو سنووردارکردنانە نیگەرانی خەڵک و چالاکانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.

پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە توانای سنوورەکانی شۆشمی، شێخ سڵە، تیلەکۆ، پەرویزخان، خوسرەوی و سۆمار، بە پێویستی زانی کە ژێرخانی ئەو دەروازانە تەواو بکرێت و تەیار بکرێت و ڕایگەیاند: نزیکەی لەسەدا 40ی هەناردەکردنی وڵات بۆ عێراق لە ڕێگەی سنوور و بازاڕەکانی کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پرسی پەیوەستبوونی قەسر شیرین و گیلان غەرب بە ناوچەی سودمەندبوون لە قازانجی یاسای بازرگانی سنووری، لکاندنی قەزای شاهو بەم یاسایە، فراوانکردنی بینای پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی کرماشان، ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی پابەندبوونەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و جێبەجێکردنی گواستنەوەی کاڵاکان بە یەک وێستگە لە سنوورەکانەوە کرایەوە.