وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە مانگێک گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی خەرجی و داهات، پڕۆژەی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ بوودجەی عێراقی ساڵی ٢٠٢٧ تەواو کردووە و بە شێوەی کاغەزی و ئەلیکترۆنی بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ ناردووە. لە پڕۆژەکەدا داواکارییە داراییەکانی هەرێم، لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و پێشمەرگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە بۆ جێگیرکردنی پلەبەرزکردنەوە، دامەزراندن و خەرجیی دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دیاری کراون. وەزارەتی دارایی داوا لە نوێنەر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکات بە یەکدەنگی داکۆکی لەو داواکارییانە بکەن.