بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولناسر هێمەتی، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی ئێران و سەمەد حەسەنزادە، سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی و کانگا و کشتوکاڵی ئێران، لەگەڵ مستەفا نزار ئەلعانی، وەزیری بازرگانیی عێراق، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ئاسۆی هاوکاریی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دیداریان کرد.

لەم دیدارەدا ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاوکاریی نێوان ئێران و عێراق بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵات تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بازرگانی و جووڵەی کاڵاکان کرایەوە.

هەروەها لایەنەکان تیشکیان خستە سەر فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئێران و عێراق بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، گواستنەوە، وەبەرهێنان، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا، بەڕێوەچوو.