حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤٢ ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی نزیکەی ٨٧ هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست پێویستە، کە مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، دوای دابینکردنی ١٢٠ ملیار دینار بۆ تەواوکردنی گوژمەی مووچەی مووچەخۆران، ئێستا هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی ٤٢ ملیار دیناری پێویست بۆ گرێبەستەکان چڕ کراوەتەوە.بەپێی ئەو سەرچاوەیە، کۆکردنەوەی داهاتەکە نزیکەی ١٠ ڕۆژ تا دوو هەفتە دەخایەنێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت وادەی دابەشکردنی مووچەکانی گرێبەستەکان هەفتەی داهاتوو ڕابگەیەنرێت و لە ماوەی ٥ تا ٦ ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆرە گرێبەستەکان مووچەکانیان وەربگرن.