جام کوردی - ئەدەبیاتی عیرفانی، تەنیا هونەری ریزکردنی وشە و دروستکردنی وێنەی جوان نییە؛ بەڵکو جۆرێکە لە دەربڕینی فیکریی و فەلسەفی بۆ گوتنی ئەو شتانەی زۆرجار زمانێکی راستەوخۆ ناتوانێت بیانبێژێت. لەنێوان شاعیرانی فارسی زماندا، خواجە شەمسەدین محەممەد حافزی شیرازی یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی کە توانای ئەوەی هەیە، یەک وشە و یەک وێنەی سادەی شاعیرانە بکاتە دەروازەی چەندین جیهانی قووڵی مانا.
لە غەزەلەکانی حافزدا، «مەی»، «ساقی»، «مەیخانە»، «بولبول»، «گوڵ»، «یار»، «زاهید»، «شێخ» و «درویش»، زۆرجار تەنیا ئەو مانا رووکەشەیان نییە کە لە خوێندنەوەی سەرەتاییدا دەردەکەوێت. هەریەک لەم وشانە دەتوانێت لایەنێکی مرۆیی، کۆمەڵایەتی، عیرفانی یان فەلسەفی لەخۆ بگرێت. ئەمەش وایکردووە حافز بە شاعیری «چەند مانایی» بناسرێت؛ شاعیرێک کە خوێنەر بە پێی ئەزموون، ئاستی تێگەیشتن و جیهانبینی خۆی، هەر جارە لە هەمان غەزەلدا مانایەکی نوێی لێدەدۆزێتەوە.
یەکێک لە ئاڵۆزترین و جوانترین چەمکە فەلسەفی و فکرییەکانی ئەدەبیاتی عیرفانی پرسیاری نێوان ئیرادەی ئازاد (سەرپشکبوون) و چارەنووسی سەروو دەسەڵاتی مرۆڤ (ناچاربوون، یان جەبرییەت)ە. حافز لەم غەزەلەدا تەنیا باسی ژانی عیشقێک ناکات، بەڵکو نەخشەڕێگای سنوورەکانی مرۆڤ لە بەردەم گەردوون و قەزا و قەدەردا دەکێشێت. لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی ئەم غەزەلە لەم بوارەدا بەرچاو دەخەین:
1. لەدەستچوونی توانای جڵەوکردنی دڵ و دەستپێکی «ناچاربوون»: غەزەلەکە بە هاوارێک دەست پێدەکات کە تێیدا مرۆڤ ئیتر خاوەنی تەواوی خۆی نییە «دل میرود ز دستم صاحبدلان خدا را...»، لەم ساتەدا حافز دان بە سنوورداربوونی ئەقڵ و هێزی پلاندانانی مرۆڤدا دەنێت. عیشق، یان هەر هێزێکی گەورەی بوون، مرۆڤ دەباتە دۆخێکەوە کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نەماوە. ئەمە یەکەم وێنەی «جەبرییەت»، یان ناچاربوونی مرۆڤە لە ئاست رووداوە ئەزەلییەکاندا.
2. کاتێک حافز خۆی بە «کەشتییەکی شکاو» وێنادەکات: بەلەمێک کە کەوتووەتە دەریای نائارامی ژیانەوە، دەزانێت تەنیا بە بازووی خۆی ناتوانێت بگاتە کەناری ئارامی، بەڵکو پێویستی بە هێزێکی دەرەکی هەیە کە خواجە لێرەدا بە «بای هاوکار» ناوی بردوە، ئەو بایەیە بە ئاراستەی رۆشتنی کەشتییدا هەڵدەکات، «کشتی شکستهگانیم ای باد شرطه برخیز...»، لێرەدا تێکەڵەیەک لــەنێــوان هـــەوڵی مــرۆڤ و پێویستــی بــە «بایەکی دەرەکی» (هێزی لەسەرووی مــرۆڤ، یــان میهرەبــانی خودایی) دەبینرێــت. مــرۆڤ هەرچەندە هــەوڵ دەدات، بەڵام بۆ گەیشتن بە دیداری هەقیقەت، پێویستی بە یارمەتی و دەستگیرۆیی دەرەکی هەیە.
3. قەزاوقەدەر و سنووری ئیرادەی ئینسان:
جەنابی حافز لە بەیتی: «در کوی نیکنامی ما را گذر ندادند / گر تو نمیپسندی تغییر کن قضا را»، روو لەو کەسانە دەکات کە بانگەشەی پاکی و سەربەخۆیی تەواو دەکەن. حافز باوەڕی قووڵی بەوە هەیە کە بەشێک لە رەوتی ژیان، بارودۆخ و «ناوخاسی، یان ناوبانگ» یان نەبوونی ونەداری، بەستراوە بە قەزا و قەدەرەوە کە لە دەسەڵاتی تاکەکەسدا نییە تا بە ئارەزووی خۆی گۆڕانکاریی تێدا بکات. لێرەدا قەدەری گەورە فەرمانی خۆی دەسەپێنێت و جووڵە و ئیرادەی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەو هێزە گەورەیەدا سنووردارە.
4. جووڵە بچووکەکانی مرۆڤ و بەها مەزنەکەی:
سەرەڕای ئەوەی حافز دان بە گەورەیی قەدەر و ناچاربوونی مرۆڤ لە بەشێک لە دۆخەکاندا دەنێت، بەڵام بچووکبوونەوەی دەسەڵاتی ئینسان بە مانای بێبایەخبوونی کردارەکانی تەماشا ناکات. بە پێچەوانەوە حافز زۆر بە توندی جەخت لەسەر ئەو چەند کارە بچووکە دەکاتەوە کە لە دەسەڵاتی مرۆڤدایە؛ مەردایەتی لەگەڵ دۆستان و گوزەران لەگەڵ دوژمنان. لێرەشدا چەمکی دوژمن هەموو دژە رەنگ و دژە دەنگ و هزر و فیکرەکانی تۆی مرۆڤ دەگرێتەوە کە پێویستە ئینسان لەگەڵیان هەڵبکات، نەوەک جیاوازیی بکاتە بەهانە بۆ شەڕ و خوێنڕشتن.
5. پرسینەوە لە حاڵی دەروێش و هەژار (بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی):
گۆڕینی تەنگدەستی بۆ دەوڵەمەندیی رۆحی لە رێگەی «کیمیای عیشق»ەوە (کە دەتوانێت هەژارێک بکاتە خاوەن دەوڵەمەندییەکی مەزنی وەک قاروون).
ئەمە خاڵی هەرە جوانی جیهانبینیی حافزە: مرۆڤ لە گۆڕەپانی گەورەی گەردووندا لەڕووی بەرواردکارییدا لەگەڵ هێزی چەرخ و زەمانەدا رەنگە دەسەڵاتی تەواوی نەبێت (جەبر)، بەڵام لە چوارچێوەی رەوشت، مرۆڤدۆستی، عیشق و هەڵسوکەوتیدا بە تەواوی سەرپشکە (موخەیەر)ە و دەبێت بەرپرسیارانە رەفتار بکات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین حافزی، عارفی گەورە مرۆڤ وەکو بوونەوەرێک دەبینێت کە لەنێوان دوو جیهاندا دەژی:
جیهانی ناچاربوون (جەبرییەت): وەک لەدایکبوون، مردن، کورتیی ژیان، قەزا و قەدەر و لەدەستچوونی کۆنترۆڵ بەسەر بەشێکی رووداوەکاندا (وەک ئەو دڵەی کە لەدەست دەرچووە). جیهانی سەرپشکبوون (موخەیربوون) کە ئیرادەی خۆیەتی: وەک چاکەکردن، مەردایەتی، لێبوردەیی، گوزەرانکردن و هەڵبژاردنی راستگۆیی لە بەرامبەر رییاکارییدا.
حافز پێمان دەڵێت، لەبەر ئەوەی ژیان کورتە و مرۆڤ لە زۆر شتدا ناچار و دەستبەستراوە، با لەو مەیدانە کورتەی تیایدا ئازادین (واتە جیهانی عیشق، مروەت و ئەخلاق)، جوانترین و مرۆڤدۆسترین رەفتار بنوێنین و خۆمان لە تەڵەی ریاکاریی بپارێزین. دڵ لە دەست دەچێت، بەڵام رۆح لە هەمان ساتدا لە رێگەی عیشقەوە خۆی دەدۆزێتەوە.
دێڕی یەکەم
دل میرود ز دستم صاحبدلان خدا را
دردا که راز پنهان خواهد شد آشکارا
واتا دڵ لە دەستم دەردەچێت، ئەی خاوەن دڵان، بۆ خاتری خودا؛ داد و هاوار کە رازی شاراوە وا ئاشکرا دەبێت. لەسەرەتادا شاعیر هەست بە لەدەستدانی دڵی خۆی دەکات؛ دڵی سەودای عەشقێکی گرتووە و لە کۆنترۆڵی خواجە دەرچووە، ئیدی روو لە خاوەن دڵان دەکات و داوا دەکات یارمەتی بدەن پێش ئەوەی ئەم سۆزە شاراوەیە ئاشکرا ببێت و ببێتە مایەی شەرمەزاری و ریسوایی.
دێڕی دووهەم
کشتی شکستگانیم ای باد شرطه برخیز
باشد که باز بینم دیدار آشنا را
واتا لە کەشتییەکی شکاوداین، ئەی بای یارمەتیدەر هەڵکە؛ بەڵکو جارێکی دیکە رووخساری ئاشناکەم ببینمەوە.
خواجەی شیرازی خۆی بە سەرنشینی کەشتییەکی نیوەشکاو دەزانێت، کە ناتوانێت بەتەنیا خۆی رزگار بکات و پێویستی بە بایەکی یارمەتیدەرە. ئەم وێنەیە پەیوەستە بە چیرۆکی حەزرەتی داود لە (قصص الانبیاء)دا کە بە فەرمانی خودا، با کەشتییەکی نزیک لە نوقمبوونی رزگارکرد و سەرنشینەکانی گەڕانەوە؛ مەبەست رزگاربوونە لە کێشە و گەڕانەوەیە بۆ دیداری خۆشەویست.
دێڕی سێیەم
ده روزه مهر گردون افسانه است و افسون
نیکی به جای یاران فرصت شمار یارا
واتا میهرەبانیی دە رۆژەی چەرخی فەلەک چیرۆکێکی بێ بناغە و جادوویەکی کاتییە؛ کەواتە هاوڕێ چاکەکردن لەگەڵ دۆستاندا بە دەستکەوت بزانە، جەنابی حافز ئەوەمان پیشان دەدات کە خۆشی و بەختی باشی ئەم جیهانە، کورت و بێ بناغەیە وەک چیرۆکی خەیاڵیی و جادوو خێرا نامێنێت. لەبەر ئەوە پێش ئەوەی ئەم دەرفەتە لەدەستبچێت، پێویستە مرۆڤ لە چاکەکردن لەگەڵ دۆستان و خۆشەویستانیدا درێغی نەکات و ئەم کاتە کورتە بە دەستکەوت بزانێت.