جام کوردی - لە
دونیای سیاسەتدا بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتر لە قۆناغی
ئێستادا کە ناوچەکە لە کوڵاندایە، ڕەنگە پێشبینی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشەکانی
داهاتوو و جەمسەربەندییەکان کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام ئەوەی نەگوڕە ڕاستییەکی
جوگرافییە ئەمەیە؛ دراوسێیەتی و سنووری هاوبەش ناگۆڕدرێت و ئەمەش ئەو واقیعەیە کە
دەبێ بڕیاربەدەستان قەت لەبیری نەکەن و لە هەموو بڕیار و سیاسەتکردنێکدا بیکەنە
چەقی بیرکردنەوەیان. هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر و نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، کارێکی تێکدەرانە و دژی
ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فیتنە و پیلانێک بوو کە دەبێ بە ژیری و وریاییەکی
زۆرەوە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆک
وەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە بەوەی هیچ زانیاریەکیان نیە ئاماژە بەوە
بکات کە هێرشەکان لە خاکی ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ڕایگەیاند، هیچ پاساوێك بۆ
هێرشە سەرەڕۆییانەكەی سەر نوسینگەی سەرۆك وەزیران بارزانی نیییە، دەبێت دۆستانی
كورد چاوكراوەبن لە هەڵمەتی چەواشەكارانە، چونكە ئامانجیان دروستكردنی ناتەباییە لە
نێوان دراوسێكاندا. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ
ئەو جۆرە کارانە نیە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیە ئەرێنی و پتەوەکانی نێوان حکومەتی
ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان. عێراقچی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئێمە كوردمان لەسەدام
و داعش پاراستووە و ئێستا سوپاسیان دەكەین ئاسایشی سەر سنورەكانی ئێمەیان دابینكردووە.
هەر لەمبارەیەوە ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەی
ئیدانە کرد و بە پێشهاتێکی زۆر گوماناوی وەسف کرد کە پێویستە بە وریایی و وردبینییەوە
لەبەرچاو بگیرێت. بەقائی بە جەختکردنەوە لەسەر ئیرادەی ئێران بۆ پاراستن و پتەوکردنی
پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەموو بوارەکانی بەرژەوەندی
هاوبەشدا، جەختی لە پێویستی هەموو لایەنەکان کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی
پیلانە ترسناکەکانی دوژمنانی دوو وڵاتی ئێران و عێراق، بۆ زیانگەیاندن بە پەیوەندیی
برایانەی نێوان هەردوو نەتەوە. بەقائی بە ئاماژەدان بە هۆشدارییەکانی پێشووی بەرپرسانی
عێراق، لەوانەش ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وڵات، سەبارەت بە دۆزینەوەی شانەکانی سەر
بە هەندێک لایەنی بیانی لەو وڵاتە کە بەشدار بوون لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی
"ئاڵای درۆ"، بە پێویستی زانی هەموو لایەنەکان زیاتر وریا بن لەو ڕووەوە.
وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و وتەبێژی ئەم وەزارەتە، سیاسەتی ژیرانەی
تارانە لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان و سەرەڕای هەبوونی نیگەرانی ئەمنی لە
دراوسێیەکەی، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی لە هەر لێدوان و کاردانەوەیێکی توند
پاراست و بە زمانی دیپلۆماسی و دۆستانە و بە پشوودرێژییەوە لە بەرانبەر برا و دۆستەکانیدا
قسە و هەڵسوکەوتی کرد و ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە گوێبیستی هەندێ لێدوان و هەڵوێستی
نابەرپرسیارانە و بەبێ بەڵگە لە هەندێ بەرپرسی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
ئاسۆی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکە بە تایبەت پاش شکستی هێرشی
ئەمریکی – زایۆنی بۆ سەر ئێران، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێیە کە ئیدی ئەمریکا
باڵادەست نییە و ئەم داگیرکەرە هەر دەبێ ئەم ناوچەیە بەجێبێڵێ و پشت بەستن بە
دۆستایەتی ئەمریکا بە تایبەت بۆ کورد کە هەمیشە دۆڕا و زەرەرمەندی ئەم دۆستایەتیە
بووە، زیانێکی زۆر گەورەتر لە جاران بە کورد دەگەیێنێت و دەبێ بڕیاربەدەستانی هەرێمی
کوردستان بڕیارە دروستەکە بدەن.