ڕەزا جەمشیدی، سکرتێری ئەم بۆنە ڕۆشنبیرییە، لەمبارەیەوە بە جام کوردی ڕاگەیاند: "مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیە پاراستنی زمانی دایک و هەروەها دروستکردنی پێشبڕکێیەکی تەندروستە لە نمایشکردنی شیعری کوردی لەلایەن بەشداربووانەوەیە، هەروەها بەشێوەیەک بایەخدان بە زمانی دەوڵەمەندی کوردی بەتایبەت لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە حەز و پێشوازی منداڵان و دایک و باوکیان بۆ فێربوونی زمانی کوردی، ڕایگەیاند: بەداخەوە کەمتەرخەمی و کەمکاری زۆر سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی منداڵان لە زمانی باوک و دایکی ڕوویداوە و هەم دایک و باوک و هەم بەرپرسان تاوانبارن بۆ ئەم پرسە، چونکە زمانی کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەند و کۆنە و واجبە لەسەر هەموومان کە بیپارێزین. هەر بۆیە گرووپی کاری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کرماشان بایەخێکی زۆریان بەم پرسە داوە و پلانی بۆ گەڕانەوەی منداڵان بۆ زمانی دایکی داناوە کە ئەم پێشبڕکێیەش بەشێکە لەو کارە.
جەمشیدی زیادی کرد: ئەم پێشبڕکێیە بە هاوکاری ناوەندی گەشەی فیکری منداڵان و هەرزەکارانی پارێزگای کرماشان و دەزگای فەرهەنگی و هونەری دادگەر و بە تەوەری گرووپی کاری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کرماشان، لە دوو بەشی تەمەنی ژێر ٨ ساڵ و ژێر ١٤ ساڵ بەڕێوە دەچێت و خەڵات دەبەخشرێتە براوەی یەکەم بۆ پلەی سێیەم.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "ئەم پێشبڕکێیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا و بەڕێوەچوونی بە هەمان شێوە ڕەنگدانەوەی زۆری لەگەڵدا بوو. هەروەها پلانمان هەیە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا دووەم پێشبڕکێی هۆرە و لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی شیعری کوردی کرماشان بەڕێوەببەین.
شایانی ئاماژەیە کە پێشبڕکێی شیعری کوردی منداڵانی ڕۆژئاوای وڵات ڕۆژی پێنجشەممە 5ی خەرمانان کاتژمێر ٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی ناوەندی گەشەی فیکری بۆ منداڵان و هەرزەکارانی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتوو لە سێڕای شەقامی ٢٢ی بەهمەن بەڕێوە دەچێت.