درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەهۆی شکانی بۆرییەکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە بیری نەوتی ژمارە 46ی کێڵگەی خەباز لە کەرکووک، غازی ژەهراوی بڵاو بووەوە و دانیشتووانی دەورووبەری کێڵگەکە ئاگادار کرانەوە کە بۆ کاری زۆر پێویست لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆرییەکە کە غاز بۆ وێستگەی سەرەکیی کێڵگەی خەباز دەگواستەوە، چاککرایەوە.سەرچاوەیەکیش هۆکاری شکانی بۆرییەکەی بە کۆنی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی گۆشارێکی زۆر لەسەر بۆرییەکە گەڕاندەوە.کێڵگەی خەباز لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک، لەسەر ڕێگای کەرکووک ـ خورماتووە و نەوتی بیری ژمارە 46 لە ڕێگەی بۆرییەکی شەش ئینجەییەوە بۆ وێستگەی سەرەکیی کێڵگەکە دەگوازرێتەوە.