کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کە ژمارەیان دەگاتە ٤٠ هەزار کەس، تا ٣١ی ئاب تەنیا یەک هەفتەیان ماوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی «هەژماری من». دوای ئەو وادەیە، دابەشکردنی مووچەکانیان تەنیا لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەبێت.مەحموود سەرمۆدی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان لە سلێمانی، ڕایگەیاندووە زیاتر لە ١٥٠٠ وارسی شەهیدان هێشتا فۆرمی «هەژماری من»یان پڕ نەکردووەتەوە و ئەگەر تا کۆتایی وادەکە تەواوی نەکەن، مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە ڕادەگیرێت. هەروەها ئەو کەسانەی کارتی هەژماری منیان ئامادە کراوە، پێویستە بۆ وەرگرتنی کارتەکانیان سەردانی ئەو شوێنە بکەن کە فۆرمەکەیان تێدا پڕکردووەتەوە، چونکە لە حاڵەتی وەرنەگرتنی کارت، مووچەی مانگی هەشتەمیان نادرێت.