بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ زیادکردنی بەنزینخانەکانی دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە ٧٥٠ دینار، ئەمڕۆ ٦ بەنزینخانەی دیکە زیادکراون و ژمارەکەیان لە ٣٢ەوە بووەتە ٣٨ بەنزینخانە. بۆ هەر بەنزینخانەیەک تانکەرێکی ٣٦ هەزار لیتری دابینکراوە و کۆی بەنزینی دابەشکراو ئەمڕۆ دەگاتە یەک ملیۆن و ٣٦٨ هەزار لیتر.بەپێی ڕێکاری نوێ، کارتی ژمارە ٣ کارایە و هەر شۆفێرێک ٤٠ لیتر بەنزین لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییەوە وەردەگرێت و تا کاراکردنی کارتی ژمارە ٤ ناتوانێت جارێکی دیکە بەنزین وەربگرێت.هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە کار لەسەر ئەلیکترۆنیکردنی تەواوی پرۆسەکە دەکات؛ بەمەبەستی ئەوەی بڕی ڕاستەقینەی بەنزینی وەرگیراو ڕاستەوخۆ لە سیستەمەکە تۆمار بکرێت و کۆنترۆڵی دابەشکردن زیاتر بکرێت.