دەقی قسەکانی مەڵووم عەبدی:
بەڕێز سەرۆک
ئەی گەلی سووریا.. کوڕان و کچانی نیشتمانەکەمان.. هاوسەنگەرانی رێگای خەبات و بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکانمان
ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژووییدا لەبەردەمتان وەستاوین کە تێیدا لاپەڕەیەکی گرنگ لە مێژووی سووریا هەڵدەدەینەوە و دەست بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین کە ناونیشانەکەی ئاشتی، سەقامگیری و بونیادنانەوەی نیشتمانە.
لەو کاتەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دامەزراون، شەڕڤانانی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی مێژووی سووریادا گرتە ئەستۆ. ئەوان زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سووریایان سەرەتا لە دەسەڵاتی بەعس و پاشانیش لە تیرۆری داعش ڕزگار کرد.
لە ماوەی ئەم جەنگانەدا، شەڕڤانانی کچ و کوڕمان بەنرخترین شتی خۆیان پێشکێش کرد؛ ئەوان گیانی خۆیان فیدا کرد و هەزاران شەهیدمان دا لەپێناو دابینکردنی پاشەڕۆژێکی ئارام بۆ منداڵانی سووریا.
ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە و وڵات چووەتە قۆناخێکی نوێوە کە ناونیشانەکەی ئاشتی و بەشداریکردنە لە بونیادنانەوەی سووریای نوێدا. دوای رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک (شەرع) و تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی سوپای سووریا، ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیێنین.
ئێمە یادی شەهیدانمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و قوربانییەکانیان لە ناخماندا دەپارێزین، چونکە ئەوان لەپێناو جەنگدا شەڕیان نەکرد، بەڵکو بۆ ئەوە جەنگان تاوەکو رۆژێک بێت سوورییەکان چیتر پێویستیان بە شەڕ نەبێت. دەمانەوێت ئەم رۆژە ببێتە سەرەتای گواستنەوەیەکی ڕاستەقینە لە مەیدانەکانی جەنگەوە بۆ مەیدانەکانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگری لە سووریاوە بۆ قۆناخی بونیادنانی سووریا.
مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە گرنگترین ئەو مافانەی کە گەلی کوردمان دەیان ساڵە هەوڵی بۆ دەدات، بەڕێز سەرۆک لە چەندین بۆنەدا جەختی لە پاراستنی ئەم مافە کردووەتەوە.
هەروەها هەڵوێستێکی کراوەمان لێ بەدی کرد سەبارەت بە مافی خوێندن بە زمانی دایک و پەرەپێدانی بڕیاری ئێستا لە داهاتوودا. ئێمە کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەم ساڵەدا دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا بناخەی زیاتری لەسەر دابنێین.
ئەو سووریایەی ئێمە دەمانەوێت بنیاتی بنێین، سووریایەکە بۆ هەموو گەل و پێکهاتەکانی لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، تورکمان و هتد. سووریایەکی یەکگرتوو و ئارام کە ماف و کەرامەتی هەموو هاووڵاتییانی بپارێزێت و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکات.
دووبارە شەهیدەکانمان بە منەتبارییەوە یاد دەکەینەوە.. سڵاو و ڕێز بۆ هاوسەنگەران و گەلەکەمان دەنێرین.