ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەپەیامەکەیدا، دەستخۆشی لەهەنگاوەکانی حکومەت کرد کە سەرەڕای سزاکان و پیلانە جۆراوجۆرەکانی "ئەمریکا و ئیسرائیل"، توانیویانە لەکاتی "جەنگی سێیەم" و قۆناغەکانی دوای ئەودا، خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن. ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی کردەوە کە دەبێت "دەسەڵات و هێزی ئێران" بۆ جیهان ڕون بکرێتەوەو ڕێگری لەهەر وتەیەکی بێومێدکەر بکرێت کە ورەی نەتەوەیی لاواز دەکات.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، لەپەیامەکەیدا بڕیارێکی توندی دەرکردو ڕایگەیاند،"بەبڕیارەوە رایدەگەیەنم؛ ئەنجامدانی هەر شتێک کە لەزیانی تەبایی کۆمەڵایەتی بێت، قەدەغەیە"، هەروەها هۆشداری دا لە دروستکردنی "دوفاقییە وەهمییەکان" وەک (جەنگ یان دانوستان) و (سازش یان جەنگخوازی)، کە بە وتەی ئەو لەڕابردودا زیانی گەورەیان بەگەلی ئێران گەیاندوە.

لە ڕوی ئابورییەوە، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داوای کرد کە زنجیرەی ئاڵەنگارییەکانی بژێوی و هەڵئاوسان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ "وەلانانی دۆلار" لەهاوکێشە ئابورییە گرنگەکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە کلیلی سەرەکی چارەسەری کێشەکان پشتبەستنە بەبەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی "ئابوری بەرگری".