جام کوردی ـ "مه‌لا لوقمان پێنجوێنی" به‌رپرسی نوسینگه‌ی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له ئێران ڕایگه‌یاند: ناساندنی گەروی هورمز بە خاكی ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن سەرۆك‌کۆماری ئەم وڵاته‌وه؛ خەوێكە كە هەتا (نەفخی سوور) نایەتەدی.
 
"مه‌لا لوقمان پێنجوێنی" به‌رپرسی نوسینگه‌ی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له ئێران له وتارێکدا به ناونیشانی "جەنگی برسی‌كردن" ڕایگه‌یاند: جەنگەكان زۆرن، له‌وانه؛ جەنگی گەرم، جەنگی سارد، جەنگی دەروونی، جەنگی ئیعلامی و ...؛ بەڵام لە هەموویان سەخت‌تر و پڕتراژیدیاتر جەنگی برسی‌كردنە! چونكە ئەم جەنگە، وەك پەندە كوردییەكە دەڵێت (تەڕ و وشك پێكەوە سوتاندنە) بەم جەنگە ملهوڕەكانی جیهان، دەیانەوێت كۆی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ژێردەستەبكەن.
 
ڕژێمی سەدام، گەمارۆیه‌کی دیکه‌شی لەسەر كوردستان دانابوو
 
ئه‌م که‌سایه‌تییه سیاسییه‌‌ی هه‌رێمی کورستان له درێژه‌ی وته‌کانیدا نووسیوییه‌تی: میللەتی كورد لە نەوەدەكانی ڕابوردوو، ئەم جەنگەی بینی؛ ئه‌ویش  گەمارۆی ئابووریی لەسەر عێراق بوو، که ڕژێمی سەدامیش گەمارۆیه‌کی دیکه‌ی لەسەر كوردستان دانابوو، ڕاستە خەڵكی كوردستان شەتەك بوون بەدەس ئەو دوو جەنگە‌وه.
 
چەكمەی ڕەشی رژێمی بەعس، نه‌گەڕایەوە بۆ سەر خاكی كوردستان
 
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: برسی‌كردن گەیشتە لوتكە، بەجۆرێك زۆرمان بینی سەرۆكی خێزان، ژن و منداڵەكانی خۆی دەرمان‌خوارد كرد بۆ ئەوەی لە برسا خێزانەكەی دوچاری بێ‌حورمەتی نەبێت و شەرەف و نامووسی نەكەوێتە خەتەر‌ه‌وه، بەڵام تەسلیمی ئەوە نەبوو جارێكی‌تر چەكمەی ڕەشی ڕژێمی بەعس، بگەڕێتەوە بۆ سەر خاكی كوردستان.
 
ئیرادەی میللەتی زیندوو، زۆر لە شمشێری زوحاكەكانی مێژوو بەبڕشت‌ترە
 
ئه‌م شێوه‌رمه‌نده سیاسییه‌ له درێژه‌د‌ا نووسیوییه‌تی: ئێستاش ئه‌مه‌ریكا زاڵمانە هەمان سیاسەت لەگەڵ گەلانی ئێران پەیڕەو دەكات كە دڵنیام لەم بابەتەش شكست دێنێت، چونكە هەمیشە ئیرادەی میللەتی زیندوو، زۆر لە شمشێری زوحاكەكانی مێژوو بەبڕشت‌ترە، ئەوەی لە مێژووی ئێران شارەزابێت، دەزانێت ئێرانییەكان خۆڵ و گەڵا و وش و پەڵای وڵاتەكەیان دەخۆن، به‌ڵام خۆیان ڕاه‌ستی داگیرکه‌ر ناکه‌ن.
 
جەنگی برسی‌كردن، نیشانەی هەڵكردنی ئاڵای سپییە لە مەیدانی جەنگی گەرم
 
به‌رپرسی نوسینگه‌ی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له تاران، سه‌باره‌ت به گوشاری داسه‌پاندنی زاڵمانه‌ی "گوشاری ئابووری" بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ئێران، ڕایگه‌یاند: ئەمه‌ریكا كاتێك لە جەنگی گەرمی ١٢ ڕۆژە، جەنگی ٤٠ ڕۆژە و جەنگی دەریایی گه‌روی هورموز، واتە جەنگی گەرم، شكستی هێناێ گەڕایەوە بۆ "جەنگی برسی‌كردن"، ئەوە خۆی بۆخۆی؛ نیشانەی هەڵكردنی ئاڵای سپییە لە مەیدانی جەنگی گەرمدا.
 
سەرۆكی ئەمه‌ریكا سەریی خۆی دەخوات و هیچ دەسكەوتێكش بۆ ئه‌مه‌ریكا مسۆگەر ناكات
 
"مه‌لا لوقمان پێنجوێنی" له به‌شی کۆتایی وتاره‌که‌یدا نووسیوییه‌تی: سەرۆكی ئەمه‌ریكا كەوتوەتە ناو فۆبیایەك جگە ئەوەی سەریی خۆی دەخوات و هیچ دەسكەوتێكیش بۆ ئه‌مه‌ریكا مسۆگەر ناكات. ناساندنی گەروی هورمز بە خاكی ئه‌مه‌ریكا خەوێكە كە هەتا (نەفخی سوور) نایەتەدی؛ بەشێكە لەدەربازبوونی ئەو ئیحراجییە گەورەیە كە لە بەردەم خەڵكی ئەمه‌ریكا و دنیا بۆی دروست بوە و هەڵمەتێكی هەڵبژاردنە.