ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنان و بەربەستەکانی بەردەم دابەزاندنی نرخی سووتەمەنیی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتمان گەیاندووەتە نزیکەی 220 بۆ 250 هەزار بەرمیل."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بە شێوەیەکی کاتی خستراوەتەوە کار، دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی هێرشی درۆنییەوە زیانی بەرکەوتبوو.

دەربارەی کێشەی نرخی بەنزین و داواکاریی هاووڵاتییان، وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی لەسەر ناهاوتابوونی هەژمارکردنی تێچووی پاڵاوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و وتی: "

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ناوچەکانی خۆی بە 5900 دینار (نزیکەی 4 دۆلار) هەژمار دەکات، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلار هەژماری دەکات."

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر بەغدا ئەو تێچووە بۆ هەرێمیش بکاتە 4 دۆلار، بێگومان بەنزین بە نرخی 450 دینار دەدەنە هاووڵاتییان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان تیشکی خستە سەر بەرزبوونی خواستی ناوخۆیی و ڕایگەیاند: "ئێستا ڕۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوین، لە کاتێکدا خواستی واقعی ناوخۆمان 140 هەزار بەرمیلە، بۆیە دەبێت توانای پاڵاوتن بەپەلە زیاد بکەین."

سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەکانیش، خستیەڕوو کە لە ڕۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگەدا لەگەڵ بەغدا کۆبووبوونەوە و لە ئێستادا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی پەرلەمانی فیدراڵین لەم بارەیەوە.