پەیامنێری جام کوردی لەسەر سنووری شۆشمێ - تەوێڵە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و گوێی لە گرفت و داواکاریی گەشتیارانی هەردوو دیوی مەرزەکە گرتووە:
فەرهاد قادر (تەمەن ٤٥ ساڵ)، لە سەر مەرزەکە وتی" له دیوی هەرێمی کوردستان و لە مەرزی تەوێڵە هیچ گرفتێکمان نییە؛ کارەکان بە ڕێک و پێکی و لە ماوەی کەمتر لە ۱۰ خولەکدا بەڕێوە دەچن. بەڵام نزیکەی سێ کاتژمێرە لە دیوی ئێران (شوشمێ) وەستاوم و بەبیانووی بڕانی ئینتەرنێت ناتوانم مۆڵەتی چوونەژوورەوە (دخول) وەربگرم.
وتیشی: ئەگەر ڕەوشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، سەرباری ئەوەی مەرزی باشماخ زۆر دوورە لێمەوە، بەڵام نەچار لەوێوە هاتوچۆ بکەم.
لە لایەکی ترەوە، ئەژدەر محەمەدی، هاوڵاتییەکی ترە لەسەر هەمان مەرز ئاماژەی بە سەختیی چاوەڕوانکردنی خێزانەکەی کرد و وتی:
"من خۆم خەڵکی پاوەم و زۆر جار ڕێم دەکەوێتە ئەم مەرزە. گرفتە سەرەکییەکە لە دیوی شوشمێیە. زۆرجار منداڵەکانمم لەگەڵدایە و بەهۆی نەبوونی هۆڵێکی شایستەی حەوانەوە و دانیشتن، زۆر بێتاقەت دەبن. لە کاتێکدا لە رووی مەرزی تەوێڵە - هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکمان نییە، بەڵام چاوەڕوانییە درێژخایەنەکەی دیوی ئێران ماندوومان دەکات."
لەکۆتاییدا ناوبراو داوای لە پارێزگاری کرماشان کرد کە هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سیستەم و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە دیوی مەرزی شوشمێ، تاوەکو ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییانی هەردوولا بێتە ئاراوە.
ئەکەرەم کریم کە بە مەبەستی سەردانی دکتۆر لە تاران گەڕابویەوە باسی لە خاوی بەڕێوەچوونی کارەکان کردو وتی" لەدیوی ئێران تەنها یەک کارمەند کاری سیستەم و خروجی پاسپۆرتەکان ئەکات و من ماوەی 3سەعات وەستاوم تا لە دیوی ئێران خروجیم بۆ کراوە،
پاشان وتی" وەرگرتنی بڕی (٥) هەزار دینار کرد لە هەر هاوڵاتیەک ناهەقیە، چونکە لە باشماخ 2500 دینار وەردەگیرێت،
لە کۆتاییدا ئەکرەم وتی" ئەم گرفتەم بە کارمەندێکی نشینگەکە وتوە، لە وەڵامدا وتی" ئەوە بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجەیەو ئێمە هیچمان پێ ناکرێت.
هەر لە سەر ئەم گرفتانە بەڕێوبەری ناحیەی بیارە حەمید بارام بە جام کوردی راگەیاند: لە دیوی هەرێمەوە مەرزەکە کێشەی نیەو ئەوەیتر پێویستە لەگەڵ بەرپرسانی پاوەو کرماشان قسە بکرێت.