حیکمەت فایەق لە میانەی وتوێژەکەیدا ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە تەواوی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە بە یەک دەنگ داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان لە حکومەتی فیدراڵیی بەغدا بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ماف دەسەندرێت و نادرێت، بۆیە پێویستە دەستبەجێ جووڵەی جەماوەری و فشاری سیاسی لەسەر ئاستی جیاواز دەست پێبکات.
ناوبراو لەبارەی بەراوردی جێبەجێکردنی یاساکان لە عێراق ڕەخنەی توندی گرت و وتی: «لە یاسادا ناوی هەڵەبجە و ڕەفحا لە پاڵ یەکتردا هاتوون بۆ قەرەبووکردنەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە ئاوارەکانی ڕەفحا وەک زیندانیی سیاسی هەژمار کراون و گەیشتوون بە تەواوی مافەکانیان، کەچی مافە سەرەکییەکانی خەڵکی هەڵەبجە تا ئێستاش فەرامۆش کراون و یاساکان جێبەجێ نەکراون.»
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا بۆ جام کوردی، حیکمەت فایەق جەختی لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقیی تەواوی لایەنەکان کردەوە و داوای کرد ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ بەستنی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان. ئامانجی سەرەکی لەم کۆبوونەوەیە بە یەکخستنی دەنگەکانی زانی تا یاسای قەرەبووکردنەوە لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا جێگیر بکرێت و مافە دەستوورییەکانی ناوچەکە بە تەواوی زامن ببن.