بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شۆشمی دەکرا یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین ڕێگاکانی بەستنەوەی کرماشان بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بێت؛ سنوورێک نزیک لە هەڵەبجە و سلێمانی کە توانایەکی بەرچاوی هەیە بۆ جوڵەی گەشتیاران و کاسبکاران و بازرگانان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئابووری لە هەردوو دیوی سنوورەکە. بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی زیاتر لە تواناکانی ئەم سنوورە دەبیسترێت گلەیی دواکەوتنی درێژخایەن و کێشەی ژێرخانە.

ڕاپۆرتێکی مەیدانی پەیامنێری جام کوردی لە سنووری شۆشمی – تەوێڵەوە دەریدەخات کە سستی و پەککەوتنی سیستمەکە و سنوورداربوونی توانای مرۆیی و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ چاوەڕوانی گەشتیاران بووەتە یەکێک لە گلەییە هەرە گرنگەکانی ئەو کەسانەی کە بەم دەروازەدا گەشت دەکەن.

بەشێک لە گەشتیاران دەڵێن لە کاتێکدا کاروباری سنووری دیوی تەوێڵە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت، هەندێکجار ناچارن لە دیوی شۆشمی چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بن.

فەرهاد قادر، یەکێک لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت، نزیکەی سێ کاتژمێر لە شۆشمی چاوەڕێی بوو و هۆکاری ئەو دواکەوتنەش باس لەوە دەکات کە کێشەی ئینتەرنێت و سیستم بووە.

ناوبراو دەشڵێت، ئەگەر ئەو بارودۆخانە بەردەوام بن، ئەوا پێی باشترە ڕێگەیەکی تر بۆ گەشتکردن هەڵبژێرێت، سەرەڕای ئەوەی سنووری باشماق دوورترە.

ئەم ڕستەیە ڕەنگە وەک سکاڵای گەشتیارێک دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانێت هۆشدارییەکی جددی بێت بۆ داهاتووی شۆشمی؛ سنوورێک کە ئەگەر نەتوانێت هاتووچۆی خێرا و ئاسان و پێشبینیکراو بۆ گەشتیاران دابین بکات، وردە وردە هەندێک لە گەشتیاران و بازرگانەکانی، دەداتە دەروازەکانی دیکە.

بازرگانان و گەشتیاران سنوورێک هەڵدەبژێرن کە ئاسانتر بێت

بۆ گەشتیارێک، چاوەڕوانی چەند کاتژمێری لە پشت سنوورەوە دەتوانێت مەیلی گەشتکردن کەم بکاتەوە، بۆ بازرگان و کاسبکارانیش کات پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تێچوو و سوودی ئابوورییەوە هەیە.

بۆیە کێشەی بەردەوام لە هاتووچۆی گەشتیاران لە ڕێگەی شۆشمیەوە دەتوانێت وردە وردە ئامادەیی چالاکانی ئابووری و گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە کەم بکاتەوە.

ئەمە له کاتێکدایه که کرماشان به توانا پزیشکی و گەشتیاری و بازرگانی و بازاڕێکی بەرچاو ناسراوە و دەتوانێت یەکێک له شوێنه گرنگەکان بێت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت بۆ ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی.

هەروەها ئەژدەر محەمەدی خەڵکی شاری پاوە، تەنیا لە سیستەمدا کێشەکە نابینێت. ئەو گلەیی لە نەبوونی ژووری چاوەڕوانی دروست و ئیمکاناتی سەرەتایی بۆ خێزان و منداڵان دەکات و دەڵێت، چاوەڕوانی چەند کاتژمێری لەم جۆرە بارودۆخانەدا کێشەی جددی بۆ خێزانەکان دروست دەکات.

ئەکرەم کەریم کە بۆ سەردانی پزیشک سەفەری بۆ تاران کردبوو، هەروەها باس لەوە دەکات کە نزیکەی سێ کاتژمێر چاوەڕێی تۆمارکردنی ڕۆیشتنی خۆی لە دیوی ئێرانەوە بووە. بە وتەی ناوبراو، تەنها یەک فەرمانبەر بەرپرسیار بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی سیستەم و دەرکردنی پاسپۆرتدا.

ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لەو 5 هەزار دینارە گرتووە کە لە گەشتیاران وەردەگیرێت و دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە لە مەرزی باشماخ 2 هەزار و 500 دینارە. بەپێی ئەو وەڵامەی لە سنوورەکەدا دراوەتەوە، دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیە پەیوەندی بە بڕیاری دەسەڵاتی پارێزگای هەڵەبجەوە هەیە.

هەروەها حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جام کوردی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەک پەیوەندی بە لایەنی هەرێمی کودستانەوە نییە و پێویستە لەگەڵ بەرپرسانی پاوە و پارێزگای کرماشان تاوتوێ و بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە لایەنی ئێرانییەوە بکرێن.

شۆشمی تەنیا سنوورێک نییە؛ دەرفەتێکی ئابوورییە

نابێت پرسی شۆشمی لە چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانی گەشتیاراندا کورت بکرێتەوە. هەر گەشتیارێک کە بەهۆی سەختی هاتوچۆوە ڕێگایەکی دیکە هەڵبژێرێت، دەتوانێت بە مانای لەدەستدانی بەشێک لە توانای گەشتیاری کرماشان بێت؛ هەروەک چۆن کەمبوونەوەی ئامادەیی بازرگانان و گەشتیاران بۆ بەکارهێنانی ئەم دەروازەیە دەتوانێت دەرفەتە ئابوورییەکانی شۆشمێ و ناوچە سنوورییەکان سنووردار بکات.

لە هەلومەرجێکدا کە پارێزگای کرماشان هەوڵی پەرەپێدانی بازرگانی سنووری و ڕاکێشانی گەشتیار و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەدات، ئاسانکاری هاتووچۆی شۆشمێ دەبێ لە خواستێکی ناوخۆییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەولەویەتێکی ئابووری.

ئێستا چاوی زۆرێک لە ڕێبواران و گەشتیاران و چالاکانی ئابووری لە هەردوو دیوی سنوورەکە لەسەر پارێزگاری کرماشانە؛ ئیدارەیەک کە بتوانێت بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکات بە چارەسەرکردنی ڕاستەوخۆی ئەو پرسە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئینتەرنێت و سیستەمی سنوورەکان و زیادکردنی سەرچاوە مرۆییەکان و دروستکردنی ئاسانکاری گونجاو بۆ گەشتیاران و هەماهەنگیکردنی دەزگا بەرپرسیارەکان.

شۆشمێ زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە بڕیار و کردەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕکابەری دەروازە سنوورییەکانی دیکە بکات؛ چونکە بازرگانان و گەشتیاران ڕێگایەک هەڵدەبژێرن کە خێراتر و ئاسانتر و متمانەپێکراوتر بێت بۆ بەزاندنی سنوور.

ئەمڕۆ داخوازی بازرگانان و گەشتیارانی هەڕێمی کوردستان ڕوون و ئاشکرایه: کارئاسانی بۆ شۆشمی بکەن بۆ ئەوەی ئەم سنووره، لە جیاتی ڕێگایەک بۆ چاوەڕوانی، ببێته دەروازەیەک بۆ بازرگانی و گەشتوگوزار و پەیوەندییەکی گه ورەتر له نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

تایبەت بە جام کوردی