جام کورد - پێشهاتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پرسیارێکی کۆنی زیندوو کردەوە: ئایا هەولێر دەتوانێت ئاسایش و داهاتووی خۆی بە پابەندبوونەکانی بە دەسەڵاتێکەوە ببەستێتەوە کە سیاسەتەکانی لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن دەگۆڕێت؟

مێژوو وەڵامی وریاکەرەوەی بۆ کوردەکانی عێراق هەیە.

ساڵی 1975 لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشەکانی ناوچەکە و ڕێککەوتنی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق، پشتیوانی ئەمریکا بۆ بزووتنەوەی کوردی عێراق وەستا؛ ڕووداوێک کە کورد باجێکی زۆری بۆ دا.

دوای زیاتر لە چوار دەیە، لە ساڵی ٢٠١٧، کاتێک سەرکردایەتی هەرێم چاوەڕوانی دەکرد واشنتۆن پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بکات، ئەمریکا دژی ڕیفراندۆمەکە بوو و ئەو پشتگیرییەی نەکرد کە هەولێر چاوەڕێی دەکرد لە قەیرانی دواتردا.

ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٦دا مشتومڕ لەسەر ئایندەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بیرخستنەوەیەکە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پابەندبوونی زلهێزەکان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەردەوامە.

ئەمەش بە مانای پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانیکردن لە ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی داعش نییە؛ بەڵام ئەزموونی مێژوویی بە هەولێر دەڵێت جیاوازییەکی گەورە لە نێوان هاوپەیمانێکی دەرەوەی ناوچەیی و دراوسێیەکی هەمیشەیی هەیە.

ئێران؛ دراوسێیەک کە دەمێنێتەوە

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کوردەکانی عێراق تەنیا لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆدا سنووردار نییە. لە سەردەمی شەڕ و ئەنفال و سەرکوتی ڕژێمی بەعس، ئێران میوانداری ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی کوردی عێراقی دەکرد و تا ئێستاش زۆرێک لە بنەماڵەکانی کوردستان یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمەیان لەبیرە.

لە ساڵی 2014 کاتێک داعش گەیشتە دەوروبەری هەولێر، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ئێران یەکەم وڵاتە چەک و تەقەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکات لە وەڵامی داواکارییەکەی هەرێمدا.

ئەم ئەزموونە ڕاستییەکی سادە نیشان دەدات: ئەمریکا هەزاران کیلۆمەتر لە کوردستانەوە دوورە، بەڵام ئێران لە تەنیشت هەرێمە.

ئێران و هەرێمی کوردستان جگە لە سنوورێکی هاوبەش، پەیوەندی مێژوویی و کولتووری و پەیوەندی ئابووری بەرفراوان و بازاڕی سنووری و بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمنییان هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تاران تەنیا ئەکتەرێکی ناوچەیی نییە بۆ هەولێر؛ دراوسێیەکە کە سەقامگیری یان گرژییەکانی لە پەیوەندییەکاندا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئابووری هەرێم هەیە.

بێگومان جیاوازی لە نێوان تاران و هەولێر هەبووە؛ لە پرسە سنوورییەکانەوە تا بوونی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران لە هەرێمدا. بەڵام چارەسەری ئەم پرسانە دوورکەوتنەوە نییە لە یەکتر، بەڵکو دیالۆگ و دروستکردنی چوارچێوەیەکی سەقامگیری ئەمنی و سیاسییە.

هەرێم دەتوانێت یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لاببات بە دڵنیابوون لەوەی کە خاکەکەی دژی ئاسایشی ئێران بەکارنەهێنرێت. لە بەرامبەردا تواناکانی ئێران لە بواری بازرگانی، وزە، وەبەرهێنان، گواستنەوە و هاوکاریی سنوورییەکان دەتوانن دەرفەتی گرنگ بۆ ئابووری هەرێم دروست بکەن.

کاتی پێداچوونەوەی هەولێر بە سیاستەکانیدا هاتووە

وانەی پێشهاتەکانی ئەمڕۆ ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان دەستبەرداری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا بێت. سیاسەتی لۆژیکی بۆ هەولێر ئەوەیە کە پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ جیهاندا هەبێت لە هەمان کاتدا پەیوەندی سەقامگیر لەگەڵ دراوسێکانی لە پێشینەدا بێت.

ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار دەدات و ڕەنگە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ناوچەیی، حکومەت، یان ستراتیژی جیهانیدا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت؛ وەک مێژوو چەندین جار نیشانی داوە.

بەڵام جوگرافیا ناگۆڕێت

ئێران و هەرێمی کوردستان لە داهاتووشدا هەر دراوسێ دەبن. ئاسایش و ئابووری و سەقامگیری هەردوولا بەیەکەوە گرێدراون و هیچ هێزێکی دەرەوەی ناوچەکە ناتوانێت ئەم واقیعە جوگرافییە بگۆڕێت.

ڕەنگە پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٦ دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی هەولێر پێداچوونەوە بە ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوودا بکات و پەیوەندی لەگەڵ تاران نەک وەک هەڵبژاردنێکی کاتی، بەڵکو وەک بەشێک لە ستراتیژی درێژخایەنی خۆی ببینێت.

ڕەنگە ڕۆژێک زلهێزە دوورەکان بێن و بڕۆن؛ بەڵام دراوسێکان دەمێننەوە. بۆ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران تەنها هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکە لە جوگرافیا و بەرژەوەندی هاوبەشەوە سەرهەڵدەدات.