سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی و سیاسی ئێران بە ئەلمەیادینی ڕاگەیاندووە، تاران شەوی ڕابردوو بە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکای دایەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە ئێران لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێرشی توند و ئازاربەخشی لەدژی سەربازگەی ئەمریکا لە ئوردن ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکییەکان لە هەموو کەسێکی دیکەی ناوچەکە و جیهان زیاتر ئاگاداری توندی و ڕادەی ئەو زیانانەن کە بەهۆی وەڵامدانەوەی ئێرانەوە تووشی بووە. سەرچاوە ئێرانییەکە هەروەها لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە قسەی پووچ و پڕوپاگەندەی زیادەڕەوی وەسف کردووە و دەڵێت، ئەو لێدوانانە دەرئەنجامی نائومێدی ئەون دوای زانینی واقیعەکانی سەر زەوی.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییان داوەتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەوانە، ئەو وڵاتانەی کە هاوکارن لە پشتیوانیکردنی واشنتن، کە هەر کردەیەکی شەڕانگێزی نوێ لەگەڵ وەڵامدانەوەی توندتر و بەرفراوانتر لەلایەن ئێرانەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.