کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر لە ١١٦ هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لەم مانگەدا تیرووپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دیاریکردنی ناوەکان بەڕێوە دەچێت.

دیاریکردنی ناوەکان لە ڕێگەی سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادەبووان دیاری بکرێن.

سەبارەت بەو نامانەی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان نێردراون، وتەبێژی حەج و عومرە ڕوونی کردەوە کە نامەکان دوو جۆرن:

جۆری یەکەم: بۆ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی نێردراوە کە کێشە لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە، تاوەکو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بوبکەن بۆ ڕێکخستنەوەیان.

جۆری دووەم: بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە کە مامەڵەکانیان بەتەواوی کۆتایی پێهاتووە و ناویان چووەتە ناو پرۆسەی تیرووپشکەکەوە.

جێی ئاماژەیە، لە وەرزی ڕابردوودا پێنج هەزار و ١٢٠ کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی وڵاتی عربستانی سعودییەیان کردبوو، کە بەسەر دوو هەزار و ٣٦٨ ئافرەت و دوو هەزار و ٧٥٢ پیاو دابەش ببوون.