د. عەدنان نوری لە سەرەتای وتوێژەکەیدا ئاماژە بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی وەهادایە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لایەنگری تەواو لە لایەنێکی ململانێکە بکات یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەمسەرێکدا بەقوربانی لایەنێکی تر بکات.
بەپێی وتەکانی ئەو، هەرێم بەهۆی پێگە جوگرافی و سیاسییەکەیەوە نە دەتوانێت دەستبەرداری پەیوەندییە ستراتیژی و کارگێڕییەکانی بێت لەگەڵ ئەمریکا، و نە دەتوانێت دراوسێیەتی و کاریگەرییە ناوچەیییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرامۆش بکات.
پاشان ئەو چالاکوانە مەدەنییە هۆشداری دەدات لەوەی کە هەر جۆرە هەڵەیەکی مەترسیدار یان بڕیارێکی یەکلاکردنەوە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمەوە بۆچوونی بەلای جەمسەرێکدا، زیانی گەورەی بەدوادا دێت.
وتیشی" هەر لادانێک لەم هاوسەنگییە دەکرێت ببێتە هۆی وەشاندنی زەبرێکی کوشندە لە قەوارەی هەرێم، یانیش لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە سیاسی و دەستوورییانەی کە لە ڕابردوودا بەدەستهاتوون.
د. عەدنان نوری جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، سەرکردە و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی هەرێم بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و مەزهەبییە تەسکەکانەوە. پێویستە ئایندەی هەرێم لە ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت و سیاسەتێکی عەقڵانی و بێلایەنانە پەیڕەو بکرێت کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بکا.