قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند حکومەت بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەموو چەکێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بێت و گوتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە گفتوگۆ و لەناوخۆی عێراقدا ئەنجام دەدرێت. ئەعرەجی جەختی کردەوە حکومەت نیەتی بەکارهێنانی هێز و دروستکردنی نائارامی نییە، بەڵکو هەوڵی تێگەیشتن و لەخۆگرتنی گرووپەکان دەدات.ئەو هەروەها وتی چەکی پێشمەرگە دەستوورییە و پارێزراو دەبێت، بەڵام دەوڵەت هەوڵ دەدات هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستووردا بێت کۆنتڕۆڵ بکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ واشنتن بەردەوام دەبێت.ئەعرەجی سەردانی محەممەد باقر قالیباف بۆ بەغدا بە سەردانێکی فەرمی ناوبرد و گوتی بابەتی گرووپە چەکدارەکان و چەک، بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە و بەبێ دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر دەکرێت. هەروەها جەختی کردەوە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە ئەمنی، سیاسی و دادوەرییەکاندا باش و ئەرێنییە.
ڕاوێژکاری ئەمنیی زەیدی: دۆسیەی چەک بەبێ دەستوەردانی دەرەکی یەکلایی دەکەینەوە
جام کوردی - ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، وادەی کشانەوەی هاوپەیمانان پەیوەندی بە دۆسیەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا نییە، ئاشکراشی کرد کە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەناوخۆی وڵاتدا و بەبێ دەستوەردانی دەرەکی یەکلایی دەکرێتەوە.
September 02, 2026