شێرکۆ سەعید لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی نەبوونی دیدگایەکی ڕوون و بێپڕەنسیپیی ئیدارەی ئێستای ترەمپ، ماوەی چەند مانگێکە شیکارییە سیاسییەکانی ڕاگرتووە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە بڕیارەکانی واشنتن لەسەر بنەمای هاوکێشەی مەنتقی پێشبینی ناکرێن و هێمای بۆ هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی ئەمریکا کرد؛ لەوانە: پاشەکشە لە ڕۆژئاوا و ئەفغانستان دوای بەخشینی هاوکارییەکی زۆر، هەروەها بێدەنگی بەرامبەر بۆردومانکردنی گەورەترین کونسڵخانەی لە هەولێر و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سوریا بە کەسایەتییەکی دژە ئەمریکی وەک ئەحمەد شەرعی.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا جەختی لە دوو خاڵی سەرەکی کردەوە:
- واشنتن لە قۆناغی شەڕی جەمسەرگیری و لەترسی لەدەستدانی هەژموونی خۆیدایە، بۆیە جوڵەکانی زیاتر "پینەکاریین نەک پلانکاری" و سەرقاڵی ململانێیە لەگەڵ چین، ڕووسیا، ئێران، گەرووی هورمز و پاراستنی ئیسرائیل.
- کورد لەم هاوکێشەیەدا هیچی پێ ناکرێت بۆ ئەمریکا و بووتە بارگرانیی دارایی و سەربازی، بۆیە کورد "دۆڕاوی یەکەمی" ئەم یارییەیە و بەهیچ پەیماننامەیەک بە واشنتنەوە وابەستە نەکراوە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان، شێرکۆ سەعید بۆ "جام کوردی" ڕوونی کردەوە کە کورد کۆتا خاڵەکانی هێزی خۆی لە دەستداوە؛ نەوت و گازەکەی کەوتۆتە دەست حکومەتی ناوەند، هێزێکی یەکگرتووی سەربازی دروست نەکردووە و دوو حزبی دەسەڵاتداریش ڕێکنەکەوتوون.
هاوکات بێلایەنبوونی کورد لە ململانێی واشنتن و تاراندا، هۆکارێکی دیکەی ساردبوونی ئەمریکا بووە.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، شێرکۆ سەعید هۆشداری دا کە وڵاتانی ناوچەکە بەبەردەوامی مەرجی بچووککردنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا ئامادەیە بەکارهێنانی کارت و دەستکەوتەکانی کورد بکاتە دیاری و "شاباش" بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.