ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیێندراوێکدا هێرشی تووندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە "گەمژە" ناوی برد.

ئەکرەم کەعبی رایگەیاند، ترەمپ لە کاتێکدا لە بەرامبەر ئێراندا نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبهێنێت، ئێستا بە دوای "سەرکەوتنی میدیایی وەهمی"ـدا لە عێراق دەگەڕێت بۆ پاراستنی ناوبانگی خۆی.

ئەکرەم کەعبی لە راگەیێندراوەکەدا نووسیویەتی: "عێراق وادەکات ترەمپ بەمزووانە تووشی جەڵتە ببێت و رێگە نادەین خەونە داگیرکارییەکانی لەم وڵاتەدا بێنە دی."

ئەمینداری گشتیی نوجەبا  راشیگەیاندووە، ئەوان بە وردی چاودێریی رێککەوتی 30ـی ئەیلوولی 2026 دەکەن، کە وەک وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا دیاریکراوە. 

ئەکرەم کەعبی هۆشداری دا و گوتی: "ئێمە لەوپەڕی ئامادەیی و گڕوتینداین بۆ شەڕی یەکلاکەرەوە لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان، ئەگەر پابەندی کشانەوەی تەواو نەبن لە وشکانی و ئاسمانی عێراقدا."

ئەکرەم کەعبی هەڕەشەی لە سەربازانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "ئەگەر دوای ئەو رێککەوتە تەنیا یەک سەرباز لە عێراق بمێنێتەوە، رێگە نادەین بە سەلامەتی بگەڕێتەوە و وەک تەرمێکی بێگیان رەوانەیان دەکەینەوە."