بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بادەم لەو بەرهەمانەیە کە توانای خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نیمچە وشکی شاری کرماشاندا هەیە و پەرەپێدانی باخە دەیمیەکانی و بە تایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە جۆرەکانی درەنگ گوڵکردن، نیشان دەدات کە دەکرێت هاوسەنگی لە نێوان سنوورداربوونی سەرچاوە ئاوییەکان و پاراستنی چالاکیی ئابووریی جووتیاران دروست بکرێت.

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا زیادکردنی بەرهەمی بادەم بەتەنها دەتوانێت سامانی زیاتر بۆ کرماشان دروست بکات؟

دەبێت لە قۆناغێکدا بەدوای وەڵامەکەدا بگەڕێین کە بەزۆری دوای دروێنەکردن پشتگوێ دەخرێت؛ واتە پرۆسێسکردن و بەبازاڕکردن.

ئەگەر ئەو بەرهەمەی کەوا لە باخدا بەرهەم دێت دەستبەجێ و بەکۆمەڵ لە پارێزگاوە هەناردە بکرێت، بەشێکی بەرچاو لە بەهای ئابوورییەکەی لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا لە کرماشانەوە هەناردە دەکرێت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا مەرج نییە زیادکردنی ڕووبەری چێنراو بە مانای زیادبوونی ڕێژەیی داهاتی باخەکە یان بەهێزکردنی ئابووریی پارێزگاکە بێت.

مەسەلەی سەرەکی بۆ کرماشان ئیتر تەنیا بەرهەمهێنانی بادەمی زیاتر نییە؛ پرسەکە بەهای زیادەیە کە لەم بەرهەمهێنانەدا بەدەست دێت.

پارێزگاکە دەتوانێت لە قۆناغی بەرهەمهێنان تێپەڕێت و بەرەو پێکهێنانی زنجیرەیەکی تەواو هەنگاو بنێت؛ زنجیرەیەک کە بەرهەمەکە دوای دروێنەکردن، توێکڵ دەکرێت، دەشکێنرێت، ڕیز دەکرێت، قەبارەی بۆ دادەنرێت، پاکەت دەکرێت و لەناو پارێزگاکەدا پرۆسێس دەکرێت. دروستکردنی زنجیرەیەکی لەو جۆرە، بادەم لە بەرهەمێکی کشتوکاڵی خاوەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی ئابووری کە بەهای زیادکراوی زیاتری هەبێت.

لەم نێوەندەدا، سوودی سنووریی کرماشان دەرفەتێکی گرنگە.

کرماشان سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا هەیە و ئەم نزیکییە دەتوانێ جگە لە توانای بەرهەمهێنانی بادەم، دەستڕاگەیشتنی بەرهەمەکە بۆ بازاڕی دراوسێ بەهێزتر بکات. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئامانج نابێت تەنها هەناردەکردنی بادەمی خاو بێت؛ بەڵکو دەتوانرێت بەرهەمە پرۆسێس کراوەکان بە پاکەتێکی گونجاو و بەهای زیادکراوی زیاترەوە بگەیەنرێنە بازاڕە ئامانجەکان.

بادەمی تامدار، پارچە، تۆزی بادەم و زەیتی بادەم نموونەی ئەو بەرهەمانەن کە ئەگەر ژێرخانی پرۆسێسکردن دامەزرا، ڕێگە بە دەرچوون لە مۆدێلی فرۆشتنی خاو دەدات.

لە لایەکی دیکەوە دەتوانرێت توانای پیشەسازییەکانی شیرینی کرماشان بەم زنجیرەیەشەوە ببەسترێتەوە. ئەو بەرهەمەی لە باخچەدا بەرهەم دێت دەتوانێت بەشێک لە پێداویستییەکانی پیشەسازی و کارگە پەیوەندیدارەکان دابین بکات، دواتر بەرهەمی کۆتایی دەتوانێت بە بەهای زیاترەوە بچێتە بازاڕەوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە بادەم تەنیا ناتوانێت بەرهەمی باخەوانێک بێت؛ بەڵام دەتوانێ بەستەرێک بێت لە زنجیرەیەکی ئابووری لە گوندێکەوە بۆ بازاڕێکی تر و لە بەرهەمهێنانەوە بۆ هەناردەکردن.

بێگومان گەیشتن بەم خاڵە پێویستی بە ژێرخانی هەیە. باخەوانێکی لاواز بە تەنیا ناتوانێت هەموو قۆناغەکانی پرۆسێسکردن، هەڵگرتن، پاکەتکردن و بەبازاڕکردن ئەنجام بدات. بۆیە دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەتمەند و تەعاونی بادەمکاران دەتوانێت یەکەم بەستەر بێت بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی هێزی ئابووری بەرهەمهێنەران.

جگە لەوەش دامەزراندنی یەکەکانی پرۆسێسکردنی بچووک و مامناوەند لە ناوچەکانی بەرهەمهێنان و کۆگای گونجاو و شوێنی هەڵگرتن دەتوانێت فشاری فرۆشتنی دەستبەجێی بەرهەمەکە کەم بکاتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ دابینکردنی ئامانجدار دروست بکات.

لە ڕاستیدا ئابووری بادەم لە کاتی دروێنەکردنەوە دەست پێناکات؛ لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە بەرهەمهێنەر دەتوانێت بازاڕ و نرخ و کەناڵێکی فرۆشتنی باشتری هەبێت بۆ بەرهەمەکەی.

کرماشان ئەمڕۆ توانای بەرهەمهێنانی هەیە؛ باخی بادەم لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە پەرەی پێدراوە، بەشێکی بەرچاو لە باخە نوێیەکان لە وەرزی وشکەساڵیدا دامەزراون، هەروەها بەکارهێنانی جۆرەکانی درەنگ گوڵکردن بە کەمکردنەوەی مەترسی زیانەکانی بەستەڵەکیش لەبەرچاو گیراوە. هەروەها بەرهەمی پارێزگاکە توانای ئەوەی هەیە جگە لە بازاڕی ناوخۆ لە بازاڕەکانی وڵاتانی دراوسێدا ئامادە بێت.

بۆیە تەحەدای سەرەکی دۆزینەوەی بەرهەمێکی نوێ نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ دەوڵەمەندبوون لە بەرهەمێک کە هەر ئێستاش بەرهەمی دەهێنین.

ئەگەر بادەمی کرماشان بە کاڵی و بەکۆمەڵ بەردەوام بفرۆشرێت، پشکی سەرەکی لە بەهای زیادکراو دەچێتە سەر بەستەرەکانی داهاتووی زنجیرەکە. بەڵام ئەگەر پرۆسێسکردن، پاکەتکردن، براندکردن و بازاڕی هەناردەکردن شانبەشانی بەرهەمهێنان پەرەپێبدرێت، بەشێکی زیاتر لە داهاتی بەرهەمەکە دەتوانێت لە گوندەکان و لەناو پارێزگاکەدا بمێنێتەوە.

لەم نێوەندەدا بازاڕی عێراق بۆ کرماشان قازانجێکی بەرچاوە؛ نەک بەو مانایەی کە هەموو بەرهەمێک هەناردە بکرێت بۆ ئەم بازاڕە، بەڵکو بەو مانایە کە نزیکیی لە عێراق دەتوانێت یەکێک بێت لە ڕێگاکانی گەشەپێدانی بازاڕ بۆ بەرهەمی بادەمی پرۆسێس کراو.

بادەم دەتوانێت یەکێک بێت لە نموونە ڕوونەکانی پەیوەستبوونی سێ توانای کرماشان: کشتوکاڵی کەم ئاو، ئابووری گوندنشین و بازرگانی لەگەڵ عێراق.

بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەم پەیوەندییە، نابێت پەرەپێدانی باخەکان بە کۆتایی بابەتەکە هەژمار بکرێت. بەپێچەوانەکە گەشەپێدانی باخەکەن خاڵی دەستپێکی زنجیرەیەکە کە دەبێت لە خاک و باخەوە بگاتە پرۆسێسکردن و بازاڕکردن و هەناردەکردن.

ئەگەر دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە دەیانەوێت کرماشان زۆرترین سوود لە توانای بادەمەکەی وەربگرێت، لەبری ئەوەی سەرکەوتن بە ژمارەی دارەکان و بڕی بەرهەمەکە حیساب بکەن، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بەهای ئابووری ئەم بەرهەمە چەندە لە خودی پارێزگاکەدا دروست دەبێت و دەپارێزرێت!

بادەمی کرماشان توانای ئەوەی هەیە لە بەرهەمی باخییەوە بۆ بەرهەمێکی ئابووری و هەناردەکردن بگۆڕدرێت؛ بە مەرجێک بەرهەمهێنان کۆتایی ڕێگاکە نەبێت و زنجیرە بەهاکە لە باخەوە بۆ بازاڕ دروست بێت.

تایبەت بە جام کوردی