بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، دوێنێ سەعات ٢:٠٠ی دوای نێوەڕۆ، هێزەکانی ئاسایشی ڕانیە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت، هەڵیانکۆتایە سەر ماڵی دوو بەرپرسی ئافرەت لە سنوورەکە و دەستگیریان کردوون.

سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ جام کوردی پشتڕاستیان کردەوە کە دەستگیرکراوەکان برێتیین لە:

شیلان سەعید حەمەزیاد: کارگێڕی مەڵبەندی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێوەبەری وەرزش و لاوان لە ناوچەکە (کە کچی خێزانێکی دیاری باوک و باپیری شەهیدە).

سەکینە جەوهەر محەمەد: بەڕێوەبەری داڵدەدانی ژنانی هەرەشەلێکراو لە ئیدارەی ڕاپەڕین.

زانیارییە بەدەستگەیشتووەکانی پەیامنێری جام کوردی ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنی ئەم دوو بەرپرسە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی کۆمەک و پێداویستی لەلایەن «دەزگای خێرخوازیی بارزانی»یەوە، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییان و گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی سنوورەکە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەیانەوە.