لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی وەرزی حەج، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی ٤٦٥ مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەرانی حاجییان (مورشید) بۆ وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو.کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە تاقیکردنەوەکە بە شێوەی وزاری و لە هەمان کاتدا لە سێ بنکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەنجام دراوە. دەرچووانی تاقیکردنەوەکە دەچنە ناو تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی ٣١ ڕێبەر بۆ هەر وەرزێکی حەج.بەپێی مەرجەکان، بەشداربووان دەبێت پێشنوێژ و وتارخوێن، یان یەکێکیان بن، لەسەر میلاکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف بن و تەمەنیان لە نێوان ٣٠ تا ٦٠ ساڵ بێت.