بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کامبیز موهاجر شوجاعی ڕایگەیاند: پێشانگایەکی تایبەتمەند لە مەکینە و کەرەستەی کشتوکاڵ، سیستەمی ئاودێری و دابینکردنی ئاوی مودێڕن، کەلوپەل و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان لە ڕۆژی 17 تا 20ی خەرمانان لە شوێنی هەمیشەیی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی کرماشان بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو زیادی کرد: پێشانگاکە هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ تا 8ی شەو کراوە دەبێت بۆ سەردانکەران، هەروەها 70 کۆمپانیا لە پارێزگاکانی کوردستان، تاران، خوراسان، کرماشان، مازەندەران، گیلان، قەزوین و هەمەدان تێدا ئامادە دەبن.

موهاجر شوجاعی بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی چالاکانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: ئێمە بەردەوام بووین لە بانگهێشتکردنی دۆستانی عێراقی و بەنیازین بانگهێشتی خەڵکی سلێمانی و هەولێر بکەین بۆ پێشانگاکە، هەروەها هەوڵەکانیش لەم ڕووەوە لە ڕێگەی ژووری بازرگانی کرماشانەوە درا، بەڵام لە کۆتاییدا، بەهۆی مەرجە تایبەتەکانی وڵاتەوە، هەوڵەکانمان سەرکەوتوو نەبوو.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پەیامنگاران ڕایگەیاند کە مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە دابینکردنی سەکۆیەکە بۆ پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵی و وتی: ئەم بۆنەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناساندنی توانا و تەکنەلۆژیای نوێ و ئاسانکاری بۆ کاروباری کشتوکاڵی وڵات.

شایەنی باسە کۆمپانیای پەیامنگاران فاتەر تا ئێستا 150 پێشانگای لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ئەنجامداوە، پێشتریش ئەزموونی ئەنجامدانی پێشانگای لە شاری سلێمانی لە عێراقدا هەبووە.

تایبەت بە جام کوردی