وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بۆ پەرلەمانی عێراق ناردووە و ڕایگەیاندووە ئامادەیە ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بۆ بەغدا دابین بکات، بە مەرجی دابینکردنی بەنزین و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم.سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز، گوتی یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە ١٤٪ی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، کە نزیکەی ١٤٠ هەزار بەرمیلە، بۆ هەرێم تەرخان بکرێت یان بە هەمان ڕێژە بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکرێت.تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ پێشنیازێکی نوێی بۆ پەرلەمان نەبردووە، لە کاتێکدا وەزیری نەوت لە کۆبوونەوەی ٢٦ی ئابدا گوتبووی وەزارەت ناتوانێت بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێم دابین بکات. هەرێم بە پێی خەمڵاندنەکان، ڕۆژانە پێویستی بە ٧ ملیۆن لیتر بەنزین، ١.٩٥ ملیۆن لیتر گازوایل و بڕێکی دیکە لە سووتەمەنییەکان هەیە.