بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەلال فەتاحی، بەرپرسی دەستەی جودۆی پارێزگای کرماشان، بەڕێوەچوونی کەمپی مەشقی هاوبەشی نێوان جودۆکارانی پارێزگاکە و تیپی هەڵبژێردراوی عێراقی ڕاگەیاند.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: دەستەی جودۆی پارێزگای کرماشان ساڵی ڕابردوو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ فیدراسیۆنی جودۆی عێراق واژۆ کرد بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکان لە بواری ئەنجامدانی ئۆردوگای مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش و ڕاهێنان و پێشبڕکێی نێوان هەردوولا.
فەتاحی زیادی کرد: لەم پێوەندییەدا کەمپی مەشقی هاوبەشی نێوان جودۆکارانی کرماشان و تیپی هەڵبژێردراوی عێراق لە 15ی خەرمانان لە ماڵی جودۆی کرماشان کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی وەرزشی ئیمام (ر.ع) دەستی پێکرد و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی دەستەی جودۆی کرماشان وتی: 200جودۆکار لە شارە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە لەم کەمپەدا ئامادەن، لەگەڵ ئامادەبوونی 20 جودۆکاری عێراقی.
ناوبراو بەڕێوەچوونی ئەم کەمپەی بە دەرفەتێک زانی بۆ زیادکردنی ئەزموون و ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکنیکی و تاکتیکی لە نێوان جودۆکارانی هەر دوو وڵاتەکەدا.
فەتاحی سەبارەت بە ئاستی تەکنیکی جودۆکارانی عێراق، زیادی کرد: سەرجەم جودۆکارانی عێراقی ئامادەبوو لەم کەمپەدا ڕیزبەندییان هەیە و بەشدارییان لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا کردووە و ئاستێکی تەکنیکی تاڕادەیەک باشیان هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر فیدراسیۆن مۆڵەت دەربکات و مەرجەکان لەبار بن، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا تیمی هەڵبژێردراوی پارێزگای کرماشان ڕەوانەی چەند پارێزگایەکی عێراق بکرێت بۆ ئەنجامدانی کەمپ و پێشبڕکێی هاوبەش لەو وڵاتەدا.